وادەی جێبەجێکردنی پرۆژە گرنگەکەی سلێمانی ڕاگەیەندرا

وەک قۆناغی یەکەم ٩٠ ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی سەدمەتریی شاری سلێمانی دابین کراوە و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، "بڕیارە لە بەھاری ئەمساڵدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد: "پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی سەدمەتریی شاری سلێمانی خراوەتە سەر پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک قۆناغی یەکەم ٩٠ ملیار دیناری بۆ خەرج کردووە، بڕیارە لە بەھاری ئەمساڵدا پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی سەدمەتریی سلێمانی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

زیاد کاکە ڕەزا وتیشی "بە جێبەجێکردنی شەقامی سەدمەتری، شاری سلێمانی دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانی و کاریگەریی لەسەر ھاتوچۆ و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەبێت، بێگومان دەستکەوتێکیشە بۆ پارێزگای سلێمانی، کە شەقامێک بەو فراوانییە دروست بکرێت".

پڕۆژەی شەقامی سەدمەتریی شاری سلێمانی، شەقامێکی بازنەیییە بە دەوری شاری سلێمانیدا دەسووڕێتەوە و لە تاسلووجەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە سەر ڕێگەی دووکان.



PM:04:43:25/02/2019