پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو: ئەوەی دەكرێت بۆ ئەوەیە لیژنەی یاسایی پەرلەمان كۆنترۆڵ بكرێت

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو لەبارەی پێكهێنانی لیژنەی یاسایی و بێبەشبونی فراكسیۆنەكەیان لەو لیژنەیە ڕەخنەی توند دەگرێت و  و ڕایدەگەیەنێت: ئەوەی دەكرێت بۆ ئەوەیە ئەو یاسانەی دەیانەوێت بە بێ گرفت دەری بكەن.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لەبەردەم بینای پەرلەمان، ڕایگەیاند: لیژنەی یاسایی ڕۆح و جەوهەری لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستانە، بەداخەوە یەكگرتوو كە خاوەنی زیاتر لە 80 هەزار دەنگە بێ بەشكرا لەو لیژنەیە.

هەڵەدنی ووتی "یەكگرتوو كاندیدێكی دیاری كردبوو كە خاوەنی 20 ساڵ ئەزمونە لە دادگاكانی هەرێمدا و پێمان وایە بێبەشكردنی فراكسیۆنی یەكگرتوو سزادانی ئەو فراكسیۆنەیە لەبەرامبەر هەڵوێستەكانی".

وتیشی: پێمان وایە ئەوەی دەكرێت بۆ ئەوەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان كۆنترۆڵ بكرێت و ئەو یاسانەی دەیانەوێت بە بێ گرفت دەری بكەن بە تایبەت كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم.

لە كۆبونەوەی ئەمرۆی پەرلەماندا و بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران لیژنەی یاسایی كە لە ١١ ئەندام پێكدێت هەڵبژێردرا و بەم جۆرە بەسەر فراكسیۆنەكاندا دابەشكراون، پارتی و سۆسیالیست چوار ئەندام، یەكێتی دوو ئەندام، گۆڕان یەك ئەندام، نەوەی نوێ یەك ئەندام، كۆمەڵ یەك ئەندام، پێكهاتەكان دوو ئەندامیان لە لیژنەی یاسایی هەیە.



PM:01:47:26/02/2019