پارتێکی سیاسی لە تورکیا دادەمەزرێت و لە ئەردۆغان جیادەبێتەوە

دەنگۆی جیابونەوەی ژمارەیەک سیاسی لە حیزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ لە تورکیا سەریهەڵداوەو سەرۆککۆماری تورکیاش بە خیانەت و ناپاک وەسفیان دەکات.

لە نێو میدیاو سیاسییەکانی تورکیا باس و خواسی جیابونەوەی ژمارەیەک سیاسی دیاری پێشووی ناو ئاکەپە و دامەزراندنی حیزبێکی نوێ لەلایەن هەریەک لە عەبدوڵڵا گول، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا بڵاوبووەتەوە.

بەپێی میدیاکانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا رایگەیاند کە "ئەگەر ئاکپارتی نەوەکو 35% بەڵکو سەتا 55%ی دەنگەکانیش بەدەستبهێنێت، ئێمە دەست بە رێبازەکەمان دەکەین". 

لەسەر قسەکانی داودئۆغڵو، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد"کاتێک لەسەرەتای کاروانەکە پۆستمان پێدان هەموو شتێک جوان بوو، بەڵام کاتێک وتمان وەرە تۆ بحەسێرەوە با کەسێکی دیکە بچێتە شوێنەکەت، بەڵام لەجیاتی حەوانەوە ئەوان لە شەمەندەفەرەکەی ئێمە دابەزین و چوونە شەمەندەفەرێکی دیکەوە، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە". 

کەروەها لەمیانی پرۆگرامێکی تایبەتی تەلەڤزیۆنیدا ئاردۆغان باسی لەوەکرد "ئێوە لە رێگەیەکدا بەیەکەوە دەبن و شتێک نییە بەناوی ئەوەی تاکۆتایی بەیەکەوە بن. ئێمە ئەم پارتەی خۆمان بە رێباز و دۆزێکی جیاواز دەبینین. ئەمە پارتێکی ئاسایی نییە. ئەگەر تۆ پیاوی رێبازیت، ئەوە نابێ خیانەت بکەیت، چونکە ئەرکێکت لێوەربگیرێت، ئەرکێکی دیکەت پێدەدرێت".

وتیشی "ئەوانەی ئەمڕۆ خیانەتمان لێدەکەن و دەچنە شوێنی دیکە، سبەی لەوێش خیانەت دەکەن و دەڕۆن".

سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو "کەسانێک لە ئاکپارتی جیابوونەوە، کە ئێستا ئیدی ناکرێ لەگەڵ ئەواندا هاوڕێباز بین، بەڵام ئێمە ئەوانمان دەرنەکردووە".

ئەمەش لەکاتێکدایە تورکیا نزیکبووەتەوە لە وادەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی، کە وابڕیارە 31ی ئازاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، کێبڕکێ لەنێوان حیزبە سیاسییەکانی تورکیا گەرمبووە.


AM:11:42:27/02/2019