عوسمان بانیمارانی: هەنگاوەکان پاڵ بەیەکێتی یەوە دەنێت بۆ دوو ئیدارەیی

بەپرسێکی یەکێتی ئەو رایەی کە زۆرێک لە خەڵکی کوردستان بەمەترسی دەزانن دەوروژێنێت و دەڵێت " ئەو ھەنگاوانە زیاتر پاڵ بە یەکێتی دەنێت بیر لە میکانیزمی دیکەی بەرێوەبردن بکاتەوە یان دوو ئیدارەی یان فیدرالیی کوردستان".

عوسمان بانیمارانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی " یەکێتی زۆر نیگەرانە بە کۆبوونەوەی دووەمی پەرلەمان بۆ دانانی لێژنەی یاسایی، بۆیە رەنگە نەخشتە رێگای دیکەی ھەبێت، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش وەرناگرێت، ئەو ھەنگاوانە زیاتر پاڵ بە یەکێتی دەنێت بیر لە میکانیزمی دیکەی بەرێوەبردن بکاتەوە یان دوو ئیدارەی یان فیدرالیی کوردستان".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی حیزبەکەی دەڵێت " لەم دۆخەدا کۆنگرەی یەکێتی ئاسان نییە و تا دۆخی کوردستان یەکلا نەبێتەوە یەکێتی ناتوانێت لەم دۆخە کۆنگرە ببەستێت، ھەرچەندە لەناوخۆ رێککەوتوین کۆنگرە بکەین، بەڵام لە بەر پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و گرفتەکانی بەغدا و کەرکووک کاری زۆرتری دەوێت و ئاستەمە کۆنگرە بکرێت".

رۆژی ١٨ ی شوبات پەرلەمان کوردستان کۆبووەوەو سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەڵبژارد، رۆژی ٢٦ ی شوباتیش لیژنەی یاسایی پەرلەمانی هەڵبژارد، ئەو دوو کۆبوونەوەیە بەبێ بەشداری فراکسیۆنی یەکێتی کە ٢١ کورسی هەیەو دووەم هێزە بڕێوەچوو.



PM:09:58:27/02/2019