پارتی: ئەگەر لەگەڵ یەكێتی نەگەینە سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرین

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ یەكێتیدا نەگەن بە ‌ڕێككەوتن، ئەوا كارەكانی پەرلەمان پەك ناخەن و یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار دەكەنەوە و سەرۆكی هەرێمیش هەڵدەبژێرن.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، " هیوادارین ڕۆژی شەممە هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بگەنە ڕێككەوتن، بەڵام ئەگەر نەگەینە ڕێكەوتن ئەوا كارەكانی پەرلەمان پەك ناخەین و هەنگاو دەنێین، یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار دەكەین و سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرین چاوەڕێ ناكەین چونكە ئەوانە بابەتی نیشتمانین".

سەبارەت بە وەرگرتنی گەرەنتی لە فراكسیۆنی گۆڕان بۆ ئەوەی دەنگ بدەنە كاندیدی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكی حكومەت ڕایگەیاندووە، "لە ئەزمونی یەكەمدا كە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بوو گۆڕان ئەزمونێكی سەركەوتووی پیشان دا پابەند بوو بەو ڕێككەوتنەی هەیە جگە لەوەی كە هیچ كاندیدێكیان نەبوو بۆ ئەو پۆستانە هەموو پەرلەمانتارەكانیان دەنگیان بە كاندیدەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دا، بۆ قۆناغی داهاتوو لە متمانە دان بە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان ئومێد دەكەین هاوشێوەی ئەزمونی یەكەم بێت چاوەڕوانیمان ئەوەیە وە دڵنیاشین وادەبێت. چونك ڕێكەوتنە سیاسیەكەی نێوان سەركردایەتی پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان بەدڵنیایی بەو جۆرەیە كە دەبێت هەموو پەرلەمانتارەكانی هەردوو لا پابەند بن بەدەنگدان بە كاندیدی پۆستەكان".

ئومێد خۆشناو وتیشی " دوای گەڕانەوەی فراكسیۆنی یەكێتی، وە یەكەم كاری لیژنەی یاسایی بێگومان هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵوەشاندنەوەی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم و هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، دواتر دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵدەبژێردرێت."

سەبارەت بە هەمواركردنەوەی بڕگەكانی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ڕوونیكردووەتەوە،" تەنها بڕگەی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە بۆ پەرلەمان هەموار دەكرێتەوە لەم خولەدا دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم وەك خۆی دەمێنێتەوە تا دانانی دەستور".

ئەمەش لە كاتێكدایە، تاوەكو ئێستا پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك ناكۆكن و نەگەشتوون بە ڕێككەوتن و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆببنەوە.



AM:10:31:28/02/2019