" بەپێی یاسای بودجە لەمانگی ٣دا پارە رەوانەی هەرێم دەکرێت "

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی بڕی پارەی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگە لە بودجەی عێراق، رایدەگەیەنێت " لە مانگی (3) وە ئەو پارەیە رەوانەی هەرێم دەكرێت و دۆخی فەرمانبەرانیش زۆر باشتر دەبێت".

دانا جەزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " ئەو ژمارەیەی كە پەرلەمانتارانی كورد لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكەن تایبەت بە پارەی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لە بودجەی (2019) ی عێراق، هەر ئەو ژمارەیەش لە وەزارەتی دارایی عێراق هەیە".

ئەو ئەندام پەرلەمانە کەسەر بەپارتی یە، دەشڵێت" لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەرێم بەڕادەستكردنی بڕی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەوە عێراق تەنها مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەنێرێت، كە بڕەكەی نزیكەی (522) ملیار دینارە".

پەرلەمانتارەكە وتیشی: ئەو كەسانەی كە دەڵێن، پارەكە لەو بڕە كەمترە، نازانین لەسەر چ بنەمایەك ئەو قسەیە دەكەن.

بەپێی زانیارییەكانی (دانا جەزا) لە مانگی (3) ی ئەمساڵدا پارەكەی هەرێم لە بەغداوە بەپێی یاسای بوجەی (2019) دەبێت و وتیشی: وەزارەتی دارایی عێراق كارە یاسایی و كارگێڕییەكانی تایبەت بەبودجەی تەواو كردووەو لە مانگی (3) وە ئەو پارەیە رەوانەی هەرێم دەكرێت و دۆخی مووچەی فەرمانبەرانیش زۆر باشتر دەبێت بەراورد بەساڵانی رابردوو.



PM:12:36:01/03/2019