وتەبێژی یەكێتی وادەی كۆبوونەوەی حزبەكەی لەگەڵ پارتی ئاشكراكرد

وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند، سبەی دووشەممە مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە شاری هەولێر كۆدەبنەوە و دەڵێت " هەموو لایەكیش لە هەوڵی ئەوەداین لێك نزیك بین".

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سبەی دووشەممە مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە شاری هەولێر كۆدەبنەوە و هەموو لایەكیش لە هەوڵی ئەوەداین لێك نزیك بین، پێویستیشە لێك نزیك بین".

وتەبێژی یەكێتی ن ئاماژەی بەوەشكرد، "دەبێت لێك نزیكبونمان لەسەر بنەمای رێككەوتنامەی سیاسی و ئەو پرەنسیپانە بێت پێشتر باسمان لێكردوە بۆ ئەوەی رێككەوتنێكی تۆكمە و كۆنكرێتی بكەین".

كۆبونەوەی سبەی دووشەممەی پارتی و یەكێتی لەكاتێكدایە ئەمڕۆ شاندێكی باڵای یەكێتی بەسەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ، سەردانی پیرمامی كرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، لە كۆبونەوەكەدا "پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێكراون و جەختیش لە كاری جدی و بەردەوامیی رێككەوتنی هەردوولا بۆ دامەزراندن و پتەوتركردنی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە".

هاوكات بەگوێرەی زانیاریەكان پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرامبەر رازیبونی بە دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك لە پشكی یەكێتی، داوای شەراكەت لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و ئەمنی پارێزگاكەدا دەكات. 



PM:02:09:03/03/2019