حکومەت ۲٤ کاتژمێر دەداتە کەناڵی ئێن ئاڕتی مناڵان

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی سێی منداڵان دەکات و مۆڵەتی ٢٤ کاتژمێر دەداتە کەناڵەکە بۆ ڕاگرتنی پەخشەکەی.

لە ڕۆژی ٣ى ئازار بە نوسراوی ژمارە ٢٠٤، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی سێی منداڵانی ئاگادارکردووەتەوە کە بەهۆی نەبوونی مۆڵەتەوە دەبێت لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا پەخشی کەناڵەکە ڕابگرن بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵەکەش پەخشی کەناڵەکە و کەرەستە و ئامێرەکانی پەخش لە ئەوروپایەو کەناڵەکە هیچ بینا و ئامێرێکی لە هەرێمی کوردستاندا نییە بۆ پەخش، ماوەی نزیکەی دوو مانگە دامەزراوەی میدیایی نالیا سەرجەم پێداویستییەکانی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ کەناڵەکەی پێشکەشی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی لە کاتی وەرگرتنی مۆڵەتەکەدا و ئەگەر کەناڵەکە ویستی پەخشەکە بهێنێتەوە هەرێمی کوردستان.

دامەزراوەیی میدیایی نالیا پێشتریش ڕایگەیاند کە پلانی ئەوەی هەیە پەخشی هەردوو کەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی و ئێن ئاڕ تی دوو بەرێتە دەرەوەی وڵات بەهۆی هەڕەشانەی لەسەریانە.

پێشتریش کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی برایە شاری بەغدا و بڕیارە لەم مانگەدا پەخشی ئاسایی دەستپێبکاتەوە. هەروەها کەناڵی ئێن ئاڕ تی چواریش کە کەناڵێکی ئاینییە ئامێر و کەرەستەکانی پەخشی لە ئەوروپا و بڕیارە پێش مانگی ڕەمەزان دەست بە پەخش بکات.



AM:10:03:05/03/2019