بێگه‌رد تاڵه‌بانی: بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان پارتی و یه‌كێتی ڕێكه‌وتنێكی ترئەنجام دەدەن

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، تا ئێستا یەکێتی باسی پۆستەکانی لەگەڵ پارتی نەکردوە، تەنها رێککەوتنە سیاسییەکەی واژۆ کردوە، چاوەڕوانین رێککەوتنێکی دیکە واژۆ بکەن.
 

بێگه‌رد تاڵه‌بانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "تا ئێستا یەکێتی باسی پۆستەکانی لەناوخۆی حیزب وه‌ لەگەڵ پارتی-ش نەکردوە تەنها ڕێککەوتنە سیاسیەکەی واژۆ کردووە، لەو رێککەوتنەشدا باسی دابەشکردنی پۆستەکان نەکراوە بەڵکو ئەوە ڕێکەوتنێکی جیاوازە و چاوەڕێی ئەو ڕێککەوتنەین کە لەچەند ڕۆژی داهاتوو  بۆ دابەشکردنی پۆستەکان واژۆ دەرێت".

وتیشی، "بۆ ئەوەی بەرچاومان ڕوون بێت یەکێتی چ پۆستێک وەردەگرێت دوای ئەوە هەوڵدەدەین کاندیدەکان بۆ پۆستەکانی پەرلەمان و حکومەت کە وەریدەگرین یەکلایی بکەینەوە". 

ئەو ئەندامەی  ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر لەسەرەتای دانوستانەکانەوە یه‌كێتی هەمیشە پەیامی ئەوەبوە کە پۆست هێندە گرنگ نیە بەلایەوە ئەوەندەی رێککەوتنی سیاسی پێ گرنگە کە بابەتی شێوازی حکومڕانی و پێکەوە کارکردن لە بەغدا و ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی پێ گرنگ بوو، حەتمەن ئەم ڕێکەوتنە باسی پۆستی تێدا نەبووە، بەڵام کە ڕێکەوتنەکە واژۆ کرا بۆ ئەوەیە ئیتر یەکێتی بەشداری دەکات لەم حکومەتە وە بەرچاوی ڕوونە کە بنەمای بەشداریکردنەکەی چۆنە".


AM:10:29:06/03/2019