پەخشی ناوخۆیی ئێن ئاڕ تی سێ ڕاگیرا

كەناڵی ئێن ئاڕتی بڵاویكردەوە بە فشاری حكومەتی هەرێم لەسەر كۆمپانیاكانی پەخشكردن، ئەمشەو پەخشی ناوخۆیی ئێن ئاڕ تی سێ لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەوە وەستێنرا.

كەناڵەكە بڵاویكردۆتەوە دوای بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم بۆ راگرتنی پەخشی ئێن ئاڕ تی سێ بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتەوە، ئەمشەو بڕیارەكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە و پەخشی ناوخۆیی كەناڵەكە وەستێنراوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە "حكومەتی هەرێم فشاری لە كۆمپانییەكانی بەرپرس لە پەخشكردنی كەناڵە ناوخۆییەكان كردووە تاكو پەخشی ئێن ئاڕ تی سێ رابگرن".

لە نوسراوێكدا وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم كە ئاڕاستەی كۆمپانیای میكس میدیای كردبوو، تیایدا داوای لێكردووە پەخشی كەناڵی ئێن ئاڕ تی سێ ڕابگرن بە بیانووی ئەوەی مۆڵەتی یاساییان نییە.

ڕۆژی ٣ی ئازار بە نوسراوێك وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی كەناڵی ئێن ئاڕ تی سێی منداڵانی ئاگاداركردووەتەوە، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتەوە دەبێت لەماوەی ٢٤ كاتژمێردا پەخشی كەناڵەكە ڕابگرن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.




AM:09:01:07/03/2019