هۆشداری دەدرێتە نانەواخانە و سەمونخانەكان

قائیمقامیەتی سلێمانی، لەبارەی‌ بەكارهێنانی‌ سۆدە و خوێوە هۆشداری‌ دەدات و  رایدەگەیەنێت "رێگە نادرێت بەهیچ جۆرێك لەبەكارهێنانی هەویردا سۆدە بەكار بهێنرێت و بەكارهێنانی خوێش‌ سنوردار دەكرێت".

لە راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی كەوێنەیەكی‌ بۆ "سپی" نێردراوە، تێیدا هاتووە "بەپێی نوسراوێكی بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كە گشتاندنی پێكراوە بۆ فڕن و نانەواخانە و شوێنكارەكانی هەویر و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان، رێگە نادرێت بە هیچ جۆرێك لە بەكارهێنانی هەویردا سۆدە بەكار بهێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەكارهێنانی خوێ‌ سنوردار دەكرێت و بڕەكەی بەجۆرێك دەستنیشان كراوە كە بۆ هەر یەك كیلۆگرام ئاردێك بڕی (6)گرام خوێ‌ زیاتر بەكارنەهێنریت".

ئەوەشخراوەتەڕوو كە تەنها دەبێت خامی سپی بۆسەر مێزی نان و سەمون و داپۆشینیان بەكار بهێنرێت و رێگە نادرێت قوماشی ڕەنگدار و پلاستیكی بەكار بهێنرێت. پێویستیشە سینی سەمونەكان بەجۆرێك بێت ژەنگ نەكات و سوتوی پێوە نەبێت.

ئازاد نەبی نوێنەری تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، رایگەیاندوە: ئەو رێنماییانەی كە دوو پسپۆڕی خۆراك نوسیویانە و بەرێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی گشتاندنی پێكردووە، لەسەر فەرمانی قائیمقامی سلێمانی، پێوەی پابەند دەبین و تەواوی نانەوا و سەمونخانە و شوێنكارەكانی هەویر ئاگادار دەكەینەوە كە رەچاوی بكەن.

دەشڵێت: وەكو لیژنە هاوبەشەكان چاودێری وردیان دەكەین، لەكاتی پابەند نەبوونی هەر شوێنێك هەتا بڕیاری داخستن سزا دەدرێت.



PM:02:54:10/03/2019