نووسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری دارایی هەرێم روونکردنەوە لەسەر پارە دزراوەکەی سلێمانی دەدات

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە کە وەزیر دارایی لەبارەی ڕووداوی دزی مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار-ی سلێمانی هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکی دابێت.
 
لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لەنووسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری داراییەوە بڵاوکراوەتەوەو کۆپیەکی بۆ سپی نێردراوە، تیایدا ئاماژە بە ئەوە دراوە کە ئەمڕۆ رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری بەهیچ شێوەیەک ڕوونکردنەوە و لێدوانی سەبارەت بە ڕووداوی دزینی یەک ملیار دیناری مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار-ی سلێمانی نەداوە.
 
نووسینگەکەی رێباز حەملان وەزیری دارایی باس لەوەش دەکات کە لە ئەژمارێکی ساختەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە بە ناوی وەزیری داراییەوە داندراوە ڕوونکردنەوەیەکی ناڕاست بڵاوکراوەتەوە.

نووسینگەکەی وەزیری دارایی دەشڵێت" وەزیری دارایی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە پەیوەندی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە."

دەقی روونکردنەوەکە
رونكردنەوەیەك لە نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری دارایی و ئابووری

لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك ئەژمارێك بەناوی رێباز محەمەد حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری كراوەتەوە، رونكردنەوەیەكی لەسەر بردنی مووچەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بڵاو كردوەتەوە، لێرەوە رایدەگەینین كە:

یەكەم_ وەزیری دارایی و ئابووری تەنها یەك ئەژماری لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك هەیە كە ئەمە بەستەرەكەیەتی.
https://www.facebook.com/rebazmuhamadhamlan/

دووەم_ وەزیری دارایی و ئابووری هیچ لێدوانێكی 
بۆ هیچ میدیایەك نەبووە لەسەر بردنی ئەو بڕە پارەیەو لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لە پەیوەندی بەردەوام دایە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە.

نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری دارایی و ئابووری
12/3/2019


 



PM:07:42:12/03/2019