پارەی گەنمی جووتیاران ڕەوانەی هەرێم دەکرێت

ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی بڕیاری خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستانی دەركردووە و لە ماوەیەكی نزیكدا پارەكە خەرج دەكرێت.

محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی کە هاوکات ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند "ئەم بەیانییە لەگەڵ وەزیری بازرگانیی حكوومەتی عێراق، محەمەد ھاشم عانی سەبارەت بە خەرجكردنی پارەی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان كۆبووینەوە و ئەویش باسی لەوە كرد كە كاتی خۆی حكوومەتی پێشوو بڕیاری دابوو خەرجكردنی پارەكە رابگیرێت، بۆیە ئێمە پارەكەمان ئامادە كردووە و نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی سەرۆكوەزیران بڕیاری پێشوو ھەڵبوەشێنێتەوە و ئیمزا لەسەر نووسراوی ئێمە بكات، ھەر كاتێكیش نووسراوەكە ئیمزا كرا، دەست بە خەرجكردنی پارەكە دەكرێت".

ناوبراو وتیشی "پارەكە ٥٥٧ ملیار دینارە و وەزیری بازرگانییش بەڵێنی دا كە لە ماوەیەكی نزیكدا پارەكە خەرج دەكرێت، چونكە ھەموو رێكارەكان تەواو بوونە  و تەنھا ماوە لە ئەنجوومەنی وەزیران بگەڕێتەوە و خەرج بكرێت".

دەشڵێت "ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی دەچینە ئەنجوومەنی وەزیران و بەدواداچوونی زیاتری بۆ دەكەین تاوەكو نووسراوەكە ئیمزا دەكرێت و پارەی جووتیاران خەرج دەكرێت، چونكە لە پڕۆژەیاسای بودجەشدا ئێمە ئەو پارەیەمان جێگیر كردووە، بۆیە حكوومەتی عێراق ھیچ رێگایەكی لە بەردەمدا نییە جگە لەوەی پارەكە خەرج بكات".

 


PM:01:41:14/03/2019