فلمێک لەسەر ژیانی ئەحمەد کایا مشتومڕی دروستکردووە

دوای ئەوەی راگەیەندرا، فلمێک لەسەر ژیانی ئەحمەد کایا بەرهەمدەهێنرێت، کۆمپانیای خاوەن مافی بەرهەمەکانی کایا و خێزانەکەی بێئاگایی خۆیان لەو فیلمە ڕاگەیاند.

کۆمپانیای گام میوزیک کە خاوەن مافی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی ئەحمەد کایایە ئاشکرایکرد، کۆمپانیاکەی ئەوان و خێزانی ئەحمەد کایاش دوورونزیک پەیوەندییان بەو فلمەوە نییە کە بڕیارە لەسەر ژیانی ئەحمەد کایا بەرهەمبهێنرێت.

کۆمپانیاکە راشیگەیاندووە، هیچ لایەنیک بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە خێزان یان کۆمپانیاکەی ئەوان، مافی ئەوەی نییە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هیچ پڕۆژەیەک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی ئەحمەد کایا بکات.

داواش لە رای گشتی و هەوادارانی کایا دەکات، هیچ گرنگییەک بە بابەتێک نەدەن کە لەلایەن خێزانی کایا یان کۆمپانیاکەی ئەوانەوە پستڕاست نەکرابێتەوە.

میدیای تورکیا، بڵاویانکردەوە فلمێک لەسەر ژیانی ئەحمەد کایا بەرهەمدەهینرێت بەناوی (هەردوو چاوم ئەحمەدۆ)، فلمەکەش لە ماڵاتیا، ئیستانبوڵ و پاریس وێنەی دەگیردرێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان، فلمەکە لەلایەن هەردوو دەرهێنەری ئێرانی عەدنان عوسمان شاناز و عەرەفات روزگارەوە کاری دەرهێنانی بۆ دەکرێت، سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن گوێنول ئاکتورکەوە نوسراوە، بەڵام تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە کام ئەکتەر رۆڵی ئەحمەد کایا دەبینێت.

بڕیاریشە فلمەکە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە سینەماکانی تورکیا و ٢٧ وڵاتی دیکە پیشانبدرێت.


PM:04:21:14/03/2019