دوو پیاو و ژنێک بە هۆی هەژارییەوە خۆیان کوشت

ئەمڕۆ یەكشەممە هاووڵاتییەكی كوردی شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی هەژارییەوە خۆی كوشت، لە ماوەی هەفتەیەكیشدا سێ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئیلام کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی بڵاویكردەوە كە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئیلام کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هاووڵاتییەکی ئیلام بە ناوی عەلی میر میرانی کە باوکی منداڵێک بوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ئەو هاووڵاتیە کوردە بە هۆی هەژارییەوە لە ڕێگەی چەکەوە خۆی کوشتووە.

لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ شەممە ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵ بە ناوی مینا شەهیدی بە هۆی هەژاری و دەستکورتیەوە خۆی هەڵواسی، ئەویش خێزاندار و دایکی ٣ منداڵ بوو.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی شاری مێهران بە ناوی ئومید حەیدەری بە هۆی هەژاری و بێکاری، لە ڕێگای خواردنی حەبی ژەهراویەوە خۆی کوشتووە.


PM:07:11:17/03/2019