پرۆگۆڕان نامەیەكی هۆشداری ئاڕاستەی بزوتنەوەکەیان دەکات

رەوتی پرۆگۆڕان راگەیەندراوێکی لەسەر بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت و پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بڵاوکردەوەو، نامەیەكی هۆشداری ئاڕاستەی بزوتنەوەکەی کرد.

لە راگەیەندراوێکی پرۆ گۆڕاندا، کە وێنەیەکی بۆ سپی نێردراوە،و ئاڕاستەی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان و جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕان کراوە، تیایدا باس لەوەدەکات، سەبارەت بە بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەکابینەی نۆیەم دا نامەیەکیان ئاڕاستەی دامەزراوە باڵاکانی بزوتنەوەکەیان کردووە، بەڵام بەهۆی حەزی دەسەڵاتەوە نامەکەیان پشتگوێخراوە.

پرۆ گۆران بزوتنەوەکەیان ئاگاداردەکاتەوەو ئاماژە بەوەدەکات، "پارتی پیلانێکی بەدەستەوەیە هاوشێوەی پیلان و درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعودبارازانی لە٣٠ ی حوزەیرانی ٢٠١٣ دا بۆماوەی ٢ ساڵ،  کە ئەمجارە بەسینارێۆیەکی ئامادە و دارێژراوی ترەوە کەئامانج لێی هەمان ئامانجی پێشووە دەیەوێت سەرۆکایەتی هەرێم بۆ پتەوبونی نفوزو دەسەڵاتی حیزبی و بنامەڵەیی خۆی بەکاربهێنێت".

پرۆ گۆڕان رەخنە لە ئەدای حزبەکەی دەگرێت و دەڵێت، " نە دەبو و نە شیاویشە بۆ گۆڕان ببێتە هاوکار و کارئاسانی بۆ ئەو جۆرە دەسەڵاتە بکات تا لەڕێی یاساوە دەسەڵاتەکانی بچەسپێنێ و ببێتەوە بە قۆرغکاری حوکمڕانی و پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردنی هەرێم بکەوێتە مەترسیەوە. لە پرەنسیپە بنەرەتیەکانی گۆڕان گۆرینی سیستەمی حوکمرانیە بۆ پەرلەمانی و سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و کارکردن بۆ راگرتنی بە بنەماڵەییکردنی فەرمانرەواییە.

پرۆگۆڕان داوا لە هەموو دامەزراوە بریاردەرەکانی بزوتنەوەکە دەکات چاوێکی جدی بە بەبەشداری لە کابینەی نۆدا بخشێننەوە و لەگەڵ هەڵسوڕاوان پێکەوە کار بۆ بۆژاندنەوەی گۆڕان و بەدەست هێنانەوەی متمانەی جەماوەرەکەی بکەن، بەڵام لەئەگەری بەشداریکدنیان لە حکومەت بەپیویستی دەزانێت رەچاوی ئەم خاڵانە بکەن:

١/  پێویستە پێداگیری هەمان بۆچوونی پێشووی بێت کەسیستەمی حکومڕانی لەکوردستان پارلەمانی بێت.
٢/ دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم تەشریفاتی بێت، نەک لەبەرئەوەی جێگری سەرۆکی هەرێم دەدرێت بەگۆڕان، گۆڕان سیاسەتی بانێکەو دوو هەوا پەیڕەو بکا و لەپێناوی کاندیدەکەی خۆیدا مل بۆ داوەکانی پارتی شل بکات و سەرۆکی هەرێم هەمان ئەو دەسەڵاتانەی پێشوی هەبێت.
٣/ ئەگەر پارتی رازی نەبوو بەوشێوازە، گۆڕان و فراکسێۆنەکەی هەڵوێستیان هەبێ و بایکۆتی ئەو پرۆژە یاسایە و هەموارکردنەوەکەی بکەن و هەڵوێستیان بەڕوونی بۆ هەڵسوڕاوان و ڕای گشتی ڕاگەیەنن.




AM:10:16:20/03/2019