سپی پیرۆزبایی نەورۆز لە خەڵکی کوردستان دەکات

دەزگای " سپی " پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە خەڵکی کوردستان دەکات و هیوادارە ساڵی نوێی کوردی ساڵی ئازادی و ژیانێکی ئابوری باشبێت بۆ خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستان.

رۆژنامەنووسانی" سپی " بەبۆنەی جەژنی نەورۆزی پیرۆزەوە لە کانگای دڵەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستان دەکات، هیوادارە دۆخی خەڵکی باشووری کوردستان بەرەو باشتر بڕوات و پارەی پاشەکەوتی مووچە بگەڕێنرێتەوە بۆ مووچە خۆران و، هەرچی زووترە کابینەی نوێی حوکمەت پێکبهێنرێت و پارتی و یەکێتی دەستبەرداری بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانیان ببن و بیخەنە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە.

پیرۆزبایی گەرم لە کوردانی رۆژئاوا دەکەین بەبۆنەی سەرکەوتنی تەواو بەسەر چەکداران و تیرۆری " داعش "،دا هیوادارین دووربن لە رقی دوژمنکارانەی تورکیاو لەژیانێکی باشتردا بژین کە قەرەبووی ئەو هەموو قوربانییانە بکاتەوە کە ئەو پارچەیەی کوردستان رووبەرووی بۆتەوە بەهۆی شەڕی لایەنە توندڕەوە ئیسلامیەکان و رژێمی ئەسەدەوە.

بۆ کوردانی باکوری کوردستانیش هیوادارین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ببێتە سەرەتای کۆتایی هاتنی حکومی شەڕەنێزی ئاک پارتی و سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ گۆڕینی تەواوی ئەو دەسەلآتە کە بۆتە بار بەسەر کوردو خەڵکی ئازادیخوازی تورکیاوە.

کوردانی رۆژهەلآت کە لەتاریکترین رۆژی سیاسی و مرۆیی خۆیاندا دەژین، هیوادارین ساڵێ نوێی کوردی ببێتە مایەی جۆشدانی زیاتری خەباتی گەلەکەمان لە رۆژهەلآت، بە سوود وەرگرتن لە هەلومەرجە هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتیی.

پیرۆزە نەورۆز لە گەلانی ناوچەکەو هیواداراین هەمووان دوور لە شەڕی حکومەتە خۆسەپێنەکان بتوانن پێکەوە بەئاشتی بژین.


 



PM:12:06:20/03/2019