ترامپ: ئەمشەو دوا مۆڵگەی داعش کۆنترۆڵ دەکەین

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند " ئه‌مشه‌و ده‌ست به‌سه‌ر دواین مۆڵگه‌ی رێكخراوی داعش له‌ سووریا دەگرین و كۆتایی بەو رێکخراوە دەهێنین".

له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:" ئەمشەو دەست بەسەر دواین مۆڵگەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەسوریا دەگرین و كۆتاییان پێدەهێنین.

هەر ئەمڕۆ ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، پاشماوەی چەكدارانی داعش لە كۆتا هەوڵەكانیاندا بەرەو روباری فورات هەڵهاتون و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بۆردومانیاندەكەن.

موستەفا بالی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، شەڕڤانان دەستیانگرتوە بەسەر كەمپی سەربازی داعش لەناو باغۆز و لە ئێستادا چەكدارانی داعش لە لایەن شەڕڤانانەوە گەمارۆدراون. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، كۆنتڕۆڵكردنی كامپی سەربازی داعش راگەیاندنی سەركەوتنی یەكجاری نیە، بەڵام ئاماژەیە بۆ بەرەوپێشترچونی روبەڕوبونەوەكان لەگەڵ داعش و پێكدادانەكان بەردەوامن.

راشیگەیاندوە، "لەئێستادا پاشماوەی چەكدارانی داعش لە ناوچەیەكی زۆر بچوكدا گەمارۆدراون" بەڵام خۆیان بەدەستەوەنادەن.

بەپێی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، ئەو چەكدارانەی لە لایەن هێزەكانی شەڕڤانەوە دەستگیركراون "ئەزمونێكی دورودرێژیان لە جەنگدا هەیە و ژمارەیەكی زۆریان بە رەگەز بیانین".  



AM:12:07:21/03/2019