عەفرین...تورکیا ئاهەنگی نەورۆزی قەدەغەکرد

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی تورکیا لە شاری عەفرین ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی کوردیان دەستگیرکردوە، کە ویستویانە ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن.

تۆڕی هەواڵی سکای نیوز بڵاویکردەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزەکانی تورکیا لە شاری عەفرینی باکوری رۆژئاوای سوریا هەڵمەتی دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کوردیان دەستپێکردوە، بەمەبەستی رێگریکردن لە ئەنجامدانی ئاهەنگی نەورۆز.

لە راپۆرتەکەدا هاتوە، جەژنی نەورۆز لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای تورکیادا کراوەتە کابوس، بۆ ئەو کوردانەی کە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن و ئاگری ئەو بۆنەیە دەکەنەوە.

روانگەی سوری ئەوەشی راگەیاندوە، هێزەکانی تورکیا هەرجۆرە کۆبونەوە و ئاهەنگێکی جەماوەریان بەبۆنەی نەورۆز قەدەغەکردوە، و هیچ پشویەکیش بەوبۆنەیەوە راناگەیەنن.

بەپێی روانگەی سوری، هێزەکانی تورکیا ئێوارەی دوێنێ بڕیاری قەدەغەکردنی ئاهەنگی نەورۆزیان داوەو دواتریش دەستیان بەهەڵمەتێکی گرتن و گواستنەوەی دەستیگرکراوەکان کردوە.

هەروەها، هێزەکانی تورکیا پەیکەری کاوەی ئاسنگەریان لەناوچەی کافر سەفرە شکاندوە، و ژمارەیەک لە ژن و پیاو و گەنجیان راپێچی زیندانەکان کردوە.


PM:02:55:21/03/2019