حەسەن نوری: ئەوانەی لەسەر تاوانی جۆراو جۆر گیراون لە زینداندا فێری ماددەی هۆشبەر و تاوانی دیكە دەبن

حەسەن نوری بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەوانەی لەسەر تاوانی جۆراو جۆر گیراون بەهۆی نەبوونی توێژەری كۆمەڵایەتی لە زینداندا فێری ماددەی هۆشبەر و چەندین تاوانی دیكە دەبن.

حەسەن نوری لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە، "بەهۆی نەبوونی توێژەری كۆمەڵایەتی و چارەسەرنەكردنی دەرونی ئەوكەسانەی كە دەستگیردەكرێن كاتێك بەلێبوردنی گشتی یا بە فرمانی دادگا ئازاد دەكرێن، نەك هەر چاك نابن، بەڵكو بەپێچەوانەوە لەناو زیندانەكاندا ئەوەی لەسەر سەرپێچی هاتوچۆ گیراوە فێری ماددەی هۆشبەر دەبێت، ئەوەی لەسەر تاوانی تر گیراوە بەجۆری تر فێری تاوانی تر دەبێت و دێتەوە تەقە لەماڵان و لەملاو لا دەكات و توندوتیژتر دەبێت".

ڕوونیشیكردووەتەوە، "ئەوانەی كە لەدەرەوە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەكەن لەناویشەوە دەیكەن یان لەڕێگای خێزان و برا و كەسیانەوە كە لەگیانیان یان لەخواردن دەیشارنەوە دەگاتە دەستی زیندانیكراوەكان و چەندین كەسیشیان لەسەر ئەوە دەستگیركردووە".

بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی ئاشكراكردووە، "لەبواری ماددەی هۆشبەردا دەتوانم بڵێم لە ٨٠% ی ئەوانەن كە ئازادكراون دەستیان پێكردووەتەوە، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین دوای " ئیسڵاح" كردنیان ئازادبكرێن پێویست دەكات حكومەتی هەرێم توێژەری كۆمەڵایەتی دابنێن بەجدی كاریان لەگەڵ بكات تا دوور بكەونەوە لە تاوان وە دوای ئازادكردنیشیان شوێنێكی وەك قوتابخانە یا پەیمانگا هەبێت "تەئدیب" بكرێنەوە، نەك بە لێبوردنەكە ئازادبكرێن و بێنەوە ناو كۆمەڵگا ئەوەی پیاوكوژە دەستبكاتەوە بەكوشتن و ببێتە تیرۆریست، ئەوەی دزە دەست بكاتەوە بەدزی یا ئەوەی ماددەی هۆشبەر بەكاردێنێت دوبارە بەكاری دەهێنێتەوە".



PM:12:14:27/03/2019