هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەم رێگەیەوە قەدەغە دەکرێت

ئیدارەی راپەڕین بەهۆی خراپبونی رێگاوبانەوە بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەلگر لەسەر پردی دەربەندی رانیە.

بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاككردن و پاراستنی رێگاوبانی ئیدارەی راپەڕین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فارێکی زۆر لەسەر پردی دەربەندی رانیە دروست بووە، بۆیە بە ناچاری هاتووچۆیان لەسەر پردەكە مەرجدار كردووە.

وتیشی،"لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە رێگە بە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر نادرێت لەسەر ئەو پردە هاتووچۆ بكات، هەروەها  لە رۆژانی پشووەكانیش بەتایبەت لەم وەرزی بەهار ‌و گەشتكردنە چاودێری هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بچووكیش دەكەن لەسەر پردەكە، بەوەی ناهێڵن فشاری زۆری هاتووچۆی لەسەری دروست بێت‌.

هەروهەا وتی، کە " نابێت چیتر بە درێژیی پردەكە ئۆتۆمبێل بە هەردوو سایدەكەدا بووەستێت، چونكە پردەكە كۆن بووە بەرگەی ئەو فشارە زۆرە ناگرێت".

بەختیار ئەحمەد باسی لەوەش كرد، لە چەند رۆژی داهاتوو بەشێوەیەكی كاتی دەستدەكەن بە نۆژەنكردنەوەی پردەكە ‌و، لە مانگی حەوتی ئەمساڵیش لە شوێنی ئەو پردە پردێكی درێژتری كۆنكرێتی دروست دەكەن بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە بەتەواوەتی چارەسەر بكەین".

پردی دەربەندی رانیە لە ساڵی 2004 دروستكراوە، درێژەیەكەی 210 مەترە ‌و بەرگەی فشاری 30 تۆن دەگرێت، بەهۆی باران بارین و گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکان لە چەند رۆژی رابردوو ئاستی ئاوی ژێر پردەكە، زۆر بەرزبووەتەوە ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لەلایەكی پردەكە داڕووخانێكی كەم رووبدات.




PM:01:22:27/03/2019