تەقتەق...لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هاوڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە

بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق هۆشداری دەداتە خاوەنی پرۆژە گەشتیاری و پەلەوەرییەکان لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئەو ئاوەی کە بڕیارە سبەی لە بەنداوی دوکانەوە بەربردرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی ئازاری ٢٠١٩ لە ئاگادارییەکدا بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق هۆشداری دایە پڕۆژە گەشتیاری و پەلەوەرییەکان و حەوزە ماسی و کانەکانی چەو و لم  لە سنوری هەردوو ناحیەی ئاشتی و تەق تەق، کە بڕیارە سبەینێ پینجشەممە بڕێکی تر ئاوی دەریاچەی دوکان بەربدرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد ئاوی بەردراوەی دەریاچەی دوکان بۆ یەک مەتری دیکە بەرزدەبێتە لە ناوچەکانی ڕێڕەوی ئەو ناوچانەی زێیەکەی پێدا تێپەڕدەبێت.

داواشی لە خاوەنی شوێنە گەشتیاری و کێڵگە پەلەوەرییەکان و کانەکانی چەو و لم و حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی کردووە، کە ئامێر و کەلوپەلەکانیان بگوێزنەوە بۆئەوەی پارێزراوبن لە زیان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنی سێشەممە ٢٦ی ئازاری ٢٠١٩ شارەوانیی قەزای دوکان  هۆشداری دایە هاوڵاتییان و خاوەنی چێشتخانە و ڤێلا و خانوو و کەپر و باخ و سەرجەم پرۆژە گەشتیاری و بازرگانییەکانی سنوری شارەوانییەکە، كە دەكەونە سەر زێی بچووك. بەهۆی بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان و بەردەوامیی وەرزی بارانبارین، چاوەڕواندەکرێت بەنداوەکە زووتر پڕ ببێت و، بڕی دەرچوونی ئاوی بەنداوەکە لە دەستی ئەوان نەمێنێت و لە کۆنترۆڵ دەربچێت.


PM:04:59:27/03/2019