وتەبێژی یەكێتی: پێشنیارەكانی پارتی نامانكاتە هاوبەشی ڕاستەقینە

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی ڕایگەیاند، ئەو پێشنیازانەی لەلایەن پارتییەوە بۆیانكراوە لەسەر بەشداریكردنی حكومەت نایانكاتە هاوبەشی ڕاستەقینە و دەشڵێت "ئەگەر نەگەینە ڕێككەوتن پارتی ئازادە چی دەكات".

لەتیف شێخ عومەر بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، له ‌حكومەتێكدا نابن كەلێپرسراوێتی هەڵنەگرن وە بەشێكیش نەبن لەبڕیار لەهەموو بوارەكاندا، ئەوەش مانای ئەوەنیە داوای پەنجا بەپەنجا بكەن، بەڵكو داواكارییەكەیان لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەكانە.

باسی لەوەشكردووە، لە كۆبوونەوەی دوێنێدا بڕیاریانداوە كۆبوونەوە و پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بەردەوم بن، ئەگەر نەشگەنە ڕێككەوتن هەڵوێستیكی دیكەیان دەبێت.

لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەنگاوەكانی پارتی، وتەبێژی یەكێتی دەڵێت، ئەگەر بگەنە ڕێككەوتن هەموو پرۆسەكە بەیەكەوە بەڕێوەدەبەن، بەڵام ئەگەر نەگەیشتنە ڕێككەوتن ئەوا پارتی ئازادە چی دەكات و یەكێتی ڕێگر نابێت لەوەی ئەوان دەیانەوێت بیكەن.

لەتیف شێخ عومەر جەختی لەوەشكردەوە، هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیه ‌كه ‌لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت یەكە و‌ناكرێت بەدوو بەشەوه.

نزیكەی شەش مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دراوە و پاش چەندین كۆبوونەوە تا ئێستا یەكێتی و پارتی سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت نەگەشتوون بە ڕێككەوتن.



AM:11:05:28/03/2019