سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی: چوار حاڵەتی خوشک‌و برای شیریمان لایەن لەیەک مارە کراون


سەرۆکی لێژنەی فەتوا لە سلێمانی ئاشکرای کرد کە ژمارەیەک خوشک و برای شیری داوای هاوسەرگیرییان کردووە و، ئەمان رەتیان کردوونەتەوە، هاوکات چوار کەسیش لەوانەی لە ڕێگەی شیرپێدانەوە بوونەتە خوشک و برا، لە یەکتر مارە کراون.

د. عیرفان رەشید، سەرۆکی لێژنەی فەتوا لە سلێمانی دەڵێت" ئەنجامدانی پرۆسەی ھاوسەرگیری لە نێوان خوشک و برای شیری لە شەریعەتی ئیسلامدا ”حەرامە" و حەرامکردنی خوشک و برای شیری یەکێکە لە بڕیارە جێگیرەکانی شەریعەتی ئیسلام کە ھەرگیز گۆڕانکاری بەسەردا نایەت. 
سەرۆکی لێژنەی فەتوا لە سلێمانی ڕوونیکردۆتەوە ”ئەگەر کوڕ و کچێک شیری دایکی یەکتریان خواردبێت و لە یەکتری مارە کرابن و نەگوازرابێتنەوە،  چوار ئافرەت شاھێدی ئەوەیان دا کە ئەو کوڕ و کچە شیری دایکی یەکتریان خواردووە، ڕاستەوخۆ نیکاحەکەیان ھەڵدەوەشێتەوە".
 
ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر کوڕ و کچەکە گوازرانەوە و دوای ماوەیەک زانرا کە شیری دایکی یەکتریان خواردووە، ئەوە لەو ماوەیەدا کە وەکو ژن و مێرد پێکەوە بوون، گوناحبار نابن، بەڵام دوای ئەوە، وەکوو خوشک و برایان لێ دێت و دەبێت ھەردوولا هاوسەرگیرییەکەیان ھەڵبوەشێننەوە".
 
سەرۆکی لێژنەی فەتوا لە سلێمانی بۆ ماڵپەڕی " باس"ی ئاشکرا کردووە ئەوان وەکوو لێژنەی فەتوا، ”چەند کەیسێکی خوشک و برای شیریمان لایە کە داوای هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە لەسەر ئەو ھاوسەرگیرییە بنەماکانی شەریعەتی ئیسلاممان بۆ ڕوون کردوونەتەوە، ئەوانیش بڕیاریان داوە کە ھاوسەرگیرییەکە ھەڵبوەشێننەوە".
 
عیرفان ڕەشید نەیشاردەوە کە ”ژمارەیەکی زۆر" لە خوشک و برا شیرییەکان چوونەتە لای ئەوان بۆ هاوسەرگیریکردن، بەڵام کاتێک زانیویانە کە لە ڕووی شەرعییەوە رێگەپێدراو نییە، هاوسەرگیرییان نەکردووە. گوتیشی: ”چوار حاڵەتمان لایە کە خوشک و برای شیری لە یەکتری مارە کراون و نەگوازراونەتەوە، دوای ئەوەی کە زانیویانە شیری دایکی یەکتریان خواردووە، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی سڵەمینەوەیەک بوونەتەوە و بڕیاریان داوە ھاوسەرگیرییەکە ھەڵبوەشێننەوە".





PM:01:54:30/03/2019