" جەهەپە بەدەنگی کورد لە ئیستانبووڵ سەرکەوت "

هاوپەیمانی کۆمار کە لە ئاک پارتی و مەهەپە پێکهاتووەو لەلایەن ئۆردوغانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بەهۆی کوردەوە لە گەورە شاری ئیستابوڵ بە جەهەپەو ئی پارتی دۆڕاند، پسپۆرێکی کوردیش پێوایە هاوپەیمانی میللەت بەدەنگی کورد لە ئاک پارتیان بردەوە.

رەمەزان کەریم پسپۆری سیاسی بۆ کاروباری تورکیا لە ڵیدوانێکی تایبەت بۆ سپی رایگەیاند" ستراتیژی هەدەپە لەسەر دوو تەوەر دامەزرابوو، شکستپێهێنانی ئاکەپە لە شارە گەورەکان و شکستپێهێنانی قەیوم لە شارەکانی باکوری کوردستان، هەدەپە توانی تا رادەیەکی بەرچاو هەردوو ئامانجەکە بپێکێت".

ئەو پسپۆرە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە شارێکی وەک ئیستانبوڵ کە ئۆردوغان لەوێ هەڵبژێردرا بەسەرۆکی شارەوانی و، دواتر سەرۆک وەزیران، پاشان سەرۆک کۆمار، زیاتر لە ١٥ ساڵە جەهەپە هێزی سەرەکی بەرهەڵستکاری ئاک پارتی، هەوڵیداوە سەرکەوتن لەو شارە هەرە گەورەیەی تورکیا بەسەر ئاک پارتیدا بەدەستبهێنێت، بەلآم شکستی خواردووە، بەلآم ئەمساڵ بەهۆی کاندیدینەکردنی هیچ بەربژێرێکەوە لەلایەن هەدەپەوە بۆ ئەوەی لەشارە ئاک پارتی بشکێت، جەهەپە بەدەنگی کورد لە عەلی یڵدرم سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیرانی پێشوو بە رێژەی ٢٨ هەزار دەنگ بردەوە.

 ئەو پسپۆرە پێیوایە بردنەوەی جەهەپە ( هاوپەیمانی میللەت ) بۆ سیاسەتی تەندروستی هەدەپە دەگەڕێتەوە کە هانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی کوردی لە ئیستنابووڵ دا دەنگ بە بەربژێری جەهەپە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو، بەمەش رێژەی دەنگەکانی بەرزبۆتەوەو ئەنجامە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ سەرکەوتنی ئەم بەربژێرە دەکەن.

رەمەزان کەریم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەدەپە لە باکوری کوردستانیش سەرباری ئەو هەموو فشارو گرتن و ئەشکەنجەدانە توانیوویەتی سەرکەوتن بە دەستبهێنێت لە ٦٨ شارەوانی گەورە شارو شار و شارەدێ.

ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتە لە ژێر ئەو هەموو فشارەدا هەدەپە توانی شکست بە سیاسەتی قەیوم بهێنێت و لە ئیستابوڵ و ئەنکەرەش شکست بە ئاک پارتی بهێنێت.

لە هەڵبژاردنی دوێنی شارەوانییەکانی تورکیا هەرچەندە ئاک پارتی پارتی زیاتر لە ٤٠ گەورە شاری بەدەستهێناوە، بەلآم جەهەپە توانیوویەتی لە شارەکانی ئەنقەرەو ئیستابوڵ و ئزمیرو ئەنتالیاو چەندان گەورە شاری تر سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. 
 
 


 

PM:03:11:01/04/2019