سەردانیکردنی چەند شوێنێکی دوکان قەدەغەکرا

بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی، بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان و گەشتیاران، سەردانیکردنی بەشێک لە کەنارەکانی دەریاچەی دووکانی قەدەغە کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 8/4/2019، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردەوە، تێیدا ھاتووە "بەمەبەستی سەلامەتیی گەشتیاران و سەردانیکاران و بەھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دووکان، شارەوانیی دووکان چەند بەربەستێکی لە بەری سارتکەی شارۆچکەی دووکان داناوە، بەربەستەکان لەو شوێنانە جێگیر کراون، کە مەترسیی ڕۆچوون، یان نەمانی کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێل ھەیە".

مافناس پشتیوان حاتەم، سەرۆکی شارەوانیی دووکان، لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە سەردانیکاران دەکات "بەربەستەکان تێنەپەڕێنن کە دایانناون، تەنیا ئامانجیشمان سەلامەتیی گەشتیاران و سەردانیکارانە".

دەشڵێت "ھەماھەنگیمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی دووکان و دەزگاکانی دیکە کردووە، بۆ پابەندبوون بە رێنماییەکەمانەوە، ھەروەھا وەک چۆن شارەوانیمان بە ئەرکی خۆی زانیوە بەربەست دابنێت لە بەشێک لە شەقامەکان بۆ سەلامەتی سەردانیکاران، ئاواش لەدوای نیشتنەوەی ئاوەکە و نەمانی مەترسی، بەربەستەکان لادەبرێن"


PM:01:31:08/04/2019