لەسەر قەرەبووی زیانەکانی لافاو ڕوونکردنەوە دەدرێت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، حكومەتی عیراق تائێستا تەنها بڕیاری لەسەر قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەتووانی لافاوەكەی دەڤەری باڵەكایەتی داوە.

حەسەن ئاڵی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەماڵپەری فەرمی یەكێتیی راگەیاندوە، لەماوەی رابردوودا بەهۆی دروستبوونی لافاو لە ناوچە جیاجیاكانی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشە زەرەرو زیانێكی زۆر بەر ئەو ناوچانەكەوت، بە تایبەت سەرەتا كە لە ناوچەی باڵەكایەتی روویداو زیانێكی زۆری لێكەوتەوە ئەو كات ئێمە وەك ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەدواداچوونمان كردو ناوچە كارەساتبارەكانمان بەسەركردەوە، دواتر لەسەر ئەو زەرەرو زیانانەی كە لە ناوچەكە كەوتوونەتەوە یاداشتێكمان رادەستی حكومەتی عیراق كرد بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ناوچانە.

راشیگەیاند: لەو كاتەدا حكومەتی عیراق ئەوەی وەڵامی ئێمەدایەوە كە بارودۆخی كتوپڕی وەك روودانی كارەساتە سروشتییەكان لە هەرێم تەنها پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمەوە هەیە، چونكە ئەو بودجەیەی كە حكومەتی عیراق دابینی دەكات بۆ  كارەساتە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە لەبەر ئەوەی هەرێم بودجەی تایبەتی خۆی هەیەو لەو بودجەی دابینی دەكات.

حەسەن ئاڵی وتیشی: وەك پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران پێداگرییەكی زۆرمان لەسەر ئەوە كرد كە پێویستە قەرەبووكردنەوە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە هەرێمیش بگرێتەوە، بۆ ئەوەش لە دانیشتنی دوێنێی نوێنەران ئیمزامان بۆ ئەو مەبەستە كۆكردەوە كە قەرەبوكردنەوەی كارەساتە سروشتییەكان هەرێمیش بگرێتەوە، بەڵام كارەساتە سروشتییەكانی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشور زۆرترە لەوانەی هەرێم، بۆیە تائێستا حكومەتی عیراق تەنها بڕیاری لەسەر قەرەبووكردنەوەی لافاوەكەی ناوچەكانی باڵەكایەتی داوە.  


PM:07:06:11/04/2019