گۆڕێکی بەکۆمەڵی کوردانی ئەنفالکراو لە پارێزگایەکی عێراق دۆزرایەوە

لە بیابانی پارێزگای میسان گۆڕێکی بە کۆمەڵی سەردەمی ڕژێمی سەدام حسێنی سەرۆکی پێشووی ڕژێمی عێراق دۆزراوەتەوە کە سەرجەمیان هاوڵاتیی کوردن.

ئەمڕۆ هەینی ١٢ی نیسانی ٢٠١٩ لە بەیاننامەیەکدا ئەحمەد مەنفی جەودە پارێزگاری موسەنا بڵاویکردەوە، لە بیابانی شاری سەماوە، ناوەندی پارێزگای موسەنا، گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەردەمی ڕژێمی پێشوو دۆزراوەتەوە و دەڵێت "ئەو کەسانەی لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا بوون هاوڵاتیی کوردن".

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق بڵاویکردەوە، تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، هەڵمەتێکیان لە ناوچەکانی باشوری عێراق دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق.

لە ساڵی ١٩٨٨ ڕژێمی پێشووی عێراق بە چەند قۆناغێک هەڵمەتێکی لە دژی گەلی کورد و ناوچە ئاوەدانییەکانی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی "ئەنفال" دەستپێکرد، کە دەیان هەزار هاوڵاتی تیادا بێسەرشوێن کران، زۆربەشیان بە کۆمەڵ گوێزرانەوە بۆ ناوچە بیابانییەکانی باشوری عێراق و لەناوبران.



PM:07:16:12/04/2019