زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی ئەم دواییەی هەرێم قەرەبوو دەکرێنەوە

پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجومەن نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەی هەرێمی کوردستان، كە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەركەوتووە قەرەبوودەكرێنەوە.

د.میران محەمەد پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ئەمرۆ شەممە ١٣ی نیسانی ٢٠١٩، لەپەرلەمانی عیراق پرۆژەیەك بۆ قەرەبووی زیانەكانی لافاوی ئەم دواییە كە هەموو عێراق گرتەوە باسكراوە.

وتیشی، وەک نوێنەرانی كورد داوامان كردووە، كە هاوڵاتیانی هەرێم و هەردوو بەنداوی دوكان ودەربەندیخانیش ئەو قەرەبووە بیانگرێتەوەو لیژنەیەكی پسپۆریش سەردانی بەنداوەكان بكەن بۆ هەڵسەنگاندنی زەرەر و زیان و چاككردنی كەم وكورتییەكانی بەنداوەكە.

د. میران ئاماژەی بەوەشكردووە، بەمەبەستی قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان پەیوەندیمامن بە قائیمقامی دوكانەوە كردوە بۆ ئەوەی ئاماری ئەو خێزانانەی كە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەر كەوتووە وەربگرین.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە جەختیشكردەوە، کە پرۆژەكە دەنگی لەسەر دەدرێت و دواتر رەوانەی حكومەتی عیراق دەكرێت بۆ خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە كە بۆ قەرەبووكردنەوەكە دیاریدەكرێت.



PM:04:48:13/04/2019