رێکەوت زەکی: ٤٠ ملیار دیناری جادە ١٠٠ مەتریەکەمان لافاوەکە بردی

ئەندامێک ئەنجومەنی پاڕیزگای سلیمانی رایدەگەیەنێت کە ئەو پارەیەی کە بۆ پرۆژەی  شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی تەرخانکرابوو، لە ٩٠ ملیار دینارەوە بۆ ٤٠ ملیار دینار کەمکراوەتەوە.

رێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی،" وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێم بەنوسراوی ژمارە ٣١١٩ لە ٢٠١٨/١٢/٢٦ بڕی تەرخانکراوی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دیاریکردووە بە ٩٠ ملیار دینار بۆ ساڵی ٢٠١٩ لەکۆی نزیکەی ٤٧٠ ملیار دیناری سەرجەمی تێچوی پرۆژەکە، سەرەتا بڕیاربوو لەکۆتایی مانگی ئـادار پرۆژەکە دەستپێبکات بێگومان دوای ئـەوەی تەمویلی بۆبکرێت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بەڵام بەداخەوە گەشتینە ناوەڕاستی مانگی نیسان و ھێشتا تەمویلی پرۆژەکە نەکراوە 

دەشڵیت،  لەوەش زیاتر کەمایەی نیگەرانییە ھەرچەندە بڕی تەرخانکردنەکەی بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٩٠ ملیار دیناربوو، بەڵام کەمکراوەتەوە بۆ ٥٠ ملیار دینار لەمساڵدا واتە بەداخەوە بڕی ٤٠ ملیار دیناری لێکەمکرایەوە!!.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە ئـەوە لەکاتێکدایە دوای تەواوکردنی شەقامی ١٢٠ مەتری لەشاری ھەولێر وا دەستکرا بە شەقامی ١٥٠ مەتری، کە ھەموو ئـاوەدانی و پێشکەوتنێکی پایتەختی ھەرێمی کوردستان مایەی دڵخۆشی زۆرە، بەڵام نیگەرانیەکە ڵەوەدایە بۆ ھێشتا سلێمانی لە ٦٠ ی دایەو ١٠٠ یەکەشی ئـاوایە کە ھەیە!! کێ کەمتەرخەمە؟

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی پێی وایە، کە نوێنەرە بڕیار بەدەستەکانی ئـەم شارە کەبڕیاری خەرجکردنی پارەیان بەدەستە لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان کەمتەرخەمی یەکەمن لەمەداو نازانین بۆ وادەکەن!! بەداخەوە نە پارێزگارو نەئـەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەی پێویستیان نییە لەو داھاتەی کەلەسلێمانی ھەیە بۆیە گەیشتینە ئـێرە.


PM:09:31:15/04/2019