دوای ئەوەى لە تویتێکدا هۆشیار زێباری ڕایگەیاند ڕەوتی حیکمە و حزبی دەعوە پلانیان بۆ خستنى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدی داناوە، سەرکردەیەکی ڕەوتى حیکمە بە توندی وەڵامی دایەوە.
سەلاح عەرباوی، سەرکردە لە ڕەوتى حیکمە لە تویتێکیدا وەڵامی زێباری داوەتەوە و ڕایگەیاندووە، "ئێوە ڕێککەوتنەکەتان لەگەڵ حکومەتی عەبدولمەهدى جێبەجێبکەن و نەوت بدەنە دەستی".
ناوبراو بە هۆشیار زێباری دەڵێت، "پێش ئەوەى خۆت بکەیتە پارێزەری حکومەتەکەى عەبدولمەهدی، ڕۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستى خەزێنەى حکومەتەکەی بکە و داهاتەکەی مەخەنە گیرفانی حزبەکەتانەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و وەزیری پێشووی دارایی عێراق لە تویتێکیدا بە ڕایگەیاند "حزبی دەعوەی ئیسلامی و رەوتی حیكمە دەستیان بە جووڵە كردووە بۆ ئەوەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بڕوخێنن و پێویستە رابگیرێن".