فەرید ئەسەسەرد: پێكنەهێنانی حكومەت هۆكارەكەی بوونی كێشە بوو لەنێوان گۆڕان و پارتیدا

ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕایگەیاند، پارتی و گۆڕان ویستیان سیناریۆی ٢٠١٣ لە ٢٠١٩ بەرامبەر یەكێتی دوبارەبكەنەوە و حكومەت بەبێ یەكێتی پێكبهێنن بەڵام هەرزوو پارتیمان ئاگاداركردەوە

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە "دەنگی ئەمریكا"ی راگەیاندووە، "پارتی و گۆڕان ویستیان خۆیان ڕێكبكەون حكومەت بێ یەكێتی پێكبهێنن و پۆستەكانی بە بەتاڵی بهێڵنەوە، بەڵام هەرزوو پارتیمان ئاگاداركردەوە ئەگەر وابكەن بەهیچ جۆرێك بەشداری حكومەت ناكەین و لەدەرەوەی حكومەت دەبین".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "پارتی درەنگ لەوە تێگەیشت كە ئێمە بە جدیمانە پێیانوابوو ئەمە وەك كارتی فشار بەكاردەهێنین، بەڵام دواتر لەوە تێگەیشت و هەڵوێستی گۆڕاو نەرم بوو".

دەشڵێت "كێشەی پێكنەهێنانی حكومەت هۆكارەكەی بوونی كێشە بوو لەنێوان گۆڕان و پارتیدا".

لەبارەی پێكهێنانی حكومەتیشەوە فەرید ئەسەسەرد ڕایگەیاندوە، تەنها واژۆكردنی ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی ماوە دوای واژۆكردنی ئەو ڕێككەوتنە،‌ پەرلەمان كۆدەبێتەوە و پڕۆسەكە دەست پێدەكاتەوە.

سەبارەت بەو خاڵ و بڕگانەی گۆڕان ناڕازی بوو لەڕێككەوتنەكەی یەكێتی و پارتی، ئەسەسەرد دەڵێت، "تەنها بابەتی جێگری سەرۆكی هەرێم بوو كە گۆڕان ناڕازی بوو پێیوابوو ئەم بابەتە بڕاوەتەوە لەنێوان پارتی و گۆڕاندا، بەڵام پارتی لەگەڵ ئێمەش ڕێككەوتبوون كە جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد بكرێت، بەڵام دواجار كێشەكە چارەسەر كرا".

شەش مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمدا تێپەڕدەبێت و تا ئێستا حكومەتی هەرێم پێك نەهاتووە.




PM:12:34:23/04/2019