سەعدی پیرە زانیاری لەبارەی ڕێککەوتنی حزبەکەی و پارتی ئاشکرادەکات

سەعدی پیرە كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت كۆبونەوەیان لەگەڵ پارتی تەنها بۆ ئیمزاكردن دەبێت و ڕێكەوتن یەكلا بوەتەوە و ئەگەر كۆبونەوەی پەرلەمانیش بكرێت دەنگ بە هەمواری یاسای سەرۆكی هەرێم دەدەین.

سەعدی پیرە لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ووتی: ئێمە لە گەڵ پارتی ڕێكەوتنمان تەواو بووە و چاوەڕوانی شاندی پارتی دەكەین بۆ ئیمزاكردنی پرۆتۆكۆلی پێكهێنانی حكومەت چونكە ئێمە پێشتر ڕێكەوتنمان هەیە لە 5ی شوبات وەك ڕێكەوتنی مەبدەئی و 4ی مارسیش وەك رێكەوتنی سیاسی.

سەبارەت بە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستەكانی حكومەت ووتی" خەڵكێكی زۆر داواكاریان پێشكەشكردووە، شۆرت لیست دەكرێت، پاشان كام دەگونجێت بۆ وەزارەتەكان بەپێی توانا و لێهاتوویی، چونكە دەمانەوێت حكومەتێكی بەهێزبێت، حكومەتێك بێت كە ئەو هەڵانەی رابردوو نەكاتەوە، ئەوەش بەوە دەبێت تەفاهومێكی تەواو هەبێت و هەوڵی ئەوە بدەین هیچ دەسەڵاتێك لە دەرەوەی شەرعیەت نەمێنێت، ئەگەر دەسەڵات لە دەرەوەی شەرعیەت بمێنێت ئەوا حكومەت ناتوانێ بەهێز ببێت".



AM:09:30:24/04/2019