پەرلەمانتارێکی گۆڕان گومان لەو ئاگرکەوتنەوەیە دەکات کە لە کۆگایەکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر کەوتەوە.
ئەمڕۆ ٣٠ نیسان کۆگایەکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر گریگرتووە و سەرجەم کەرەستەکانی سوتاون و دواتر ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.
کاوە محەمەد پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ڕووداوەکە بە " سپی " ڕایگەیاند "گومانمان هەیە دەستێکی شارەوە لە پشت سوتانی کۆگاکەوە بێت بۆ چەند مەبەستێکی حزبی".
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن و هۆکارەکەی دیاربکەن.
ئەو کۆگایە چەندین ئامێری بایۆمەتری دەنگدانی تێدابووە و کۆمسیۆن بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر بنکەکانی دەنگداندا هێناویەتییە ئەوێ.
بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەرێوەبچێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و زیانەکان تەنها مادین.