شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوای بەستنی کۆنگرە دەکات‌

شاناز برایم ئەحمەد بەرپرسی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی داوا لە ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی حیزبەکەی دەکات چیتر بەستنی كۆنگرەی یەكێتی دوانەخەن.

شاناز برایم لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) نووسیویەتی ساڵانێکە یەکێتی بە دەست چەندین کێشەی ناوخۆیی جۆراوجۆره‌وه‌ دەناڵێنێ و هۆکاری هەموو كێشەكانیش نەبەستنی کۆنگرەیە.

بەرپرسی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی نووسیوویشیەتی " ساڵی رابردوو بڕیار بوو لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا، دیاریکردنی ڕۆژی کۆنگرە رابگەیەنن، بەڵام لەسەر داوای كۆسرەت رەسول جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی ڕاگەیاندنی ڕۆژی بەستنی کۆنگرە دواخرا و داوای 48 كاتژمێر مۆڵەتی كرد، كەچی 10 هەزار و 224 كاتژمێر بەسەر داواکارییەکەی بەڕێزیاندا تێدەپەڕی".

شاناز برایم لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) نووسیویەتی ساڵانێکە یەکێتی بە دەست چەندین کێشەی ناوخۆیی جۆراوجۆره‌وه‌ دەناڵێنێ و هۆکاری هەموو كێشەكانیش نەبەستنی کۆنگرەیە.

لە بەشێكی نووسینەكەدا دەڵێت " ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە چەندین بیانووی وەك شەڕی داعش، قەیرانی دارایی، نەبوونی یەکڕیزی کورد، ته‌ڵاقدانی به‌غدا، دۆخی خراپی کەرکووک، ترسی جیابوونەوە، هەڵبژاردنی عێراق، هەڵبژاردنی کوردستان گەڕانەوەی هاودیدان و هەڵبژاردنی سەرکۆمار بەردەوام بەستنی كۆنگرەیان دواخستووە."

ئەو لە درێژەی نوسسینەکەیدا دەڵێت"ئێستە هیچ بیانووەك نەماوە بۆ نەبەستنی کۆنگرە، یه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌ی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و جێگری سکرتێری گشتی زیاتر لە هەر کەسێک بەرپرسیاریەتیان دەکەوێتە ئەستۆ. ئومێدەوارم كه‌ بە ئەرکی خۆتان هەڵبستن، لەپێناو ئاسودەکردنی ویژدانی خۆتان. چیتر جەماوەر و کادیرانی یەکێتی لە دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانی بەستنی کۆنگرەدا له‌وه‌ زیاتر بێ هیوا نه‌بن لە حزبەکە."



PM:11:30:03/05/2019