شاسوار عەبدولواحید: ئەو سیناریۆیە هەوڵێکە بۆ لاوازکردنى جوڵانەوەکە

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، "ئەو سیناریۆیە هەوڵێکە بۆ لاوازکردنى جوڵانەوەکە دەیانەوێت جوڵانەوەکە و خودى من ناشرین بکەن و ئەم سیناریۆیانە نامانترسێنێت و خاومان ناکاتەوە".

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، "تا ئیستا ملمان بۆ هیچ هەڕەشەیەک نەداوە وەکو تەقەلێکردن و سوتاندن و ئەو سیناریۆیە هەوڵێکە بۆ لاوازکردنى جوڵانەوەکە بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشکرد، "لادانى پارتى و یەکێتى لەسەر دەسەڵات کارێکى ئاسان نییە و ئەم سیناریۆیانە نامانترسێنێت".

لەبەشێکى دیکەى وتەکانیدا شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، ئەو وتانەى لەبەردەم دادوەردا لەیەکێک لە دەستگیرکراوەکان وەرگیراون لەگەڵ دانپێدانەکانى بەردەم ئاسایش پێچەوانەى یەکترن.

پرسیارى ئەوەشیکرد، کە بۆچى دانپێدانانەکان لەبەردەم دادوەردا نییە و ئاسایش بڵاویدەکاتەوە؟ جەختیشیکردەوە، یەک دادوەرى بەویژدان نییە باوەڕ بەو جۆرە سیناریۆیە بکات، وتیشی، "دەیانەوێت جوڵانەوەکە و خودى من ناشرین بکەن و ئەم سیناریۆیانە نامانترسێنێت و خاومان ناکاتەوە".

هاوکات شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەکرد، "پەتی درۆ کورتە و لە داهاتوودا ڕاستییەکان دەردەکەون"



PM:06:27:10/05/2019