لە کوردستان دەرمانی ئاژەڵ بۆ چارەسەری مرۆڤ بەکارهاتووە

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ڕایگەیاند " ھەندێک نۆرینگەی لاکۆڵان و دەرمانخانە گیاییەكان، جۆرە گیراوەیەكی سووتانی شاخی ئاژەڵیان بۆ نەخۆشی پێست بە ھاووڵاتیان داوە".

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ ھەینی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كراوەتەوە و کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە، ئاشکرای دەکات "ئەو مەعجونەی ناوی (DEHORNING)ە و بۆ سوتاندن و ڕێگریکردن لە گەشەکردنی شاخی ئاژەڵان بەکار دەھێندرێ، دوو مادەی سوتێنەری تێدایە بە ناوەکانی کالسیۆم ھایدرۆکساید و سۆدیۆم ھایدرۆکساید، کاتێک دەخرێنە سەر شاخی ئاژەڵ، دەبێتە ھۆی سوتاندن و تێکشکاندنی ئەو خانانەی بەرپرسن لە بەرھەمھێنانی شاخ لە ئاژەڵاندا".

راگەیاندراوەكە هاتووە "بەکارھێنانی ئەو بەرھەمە سوتێنەرە لە مرۆڤدا بۆ مەبەستی جوانکاری و چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی پێست بە ھیچ جۆرێک ڕێگەپێدراو نیە و کارەسات و بێویژدانیەکی گەورەیە، چونکە ئەو بەرھەمە سوتێنەرە و دەبێتە ھۆی سوتاندنی پێست و تێکشکاندنی خانەکان، بەمەش مەترسی شێرپەنجەی لێ دەکەوێتەوە".

ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان باس لەوەش دەکات "ئەو بەرھەمە سوتێنەرە لەلایەن ھەندێک یاریدەدەری پزیشکی لە نۆرینگەی لاکۆڵان و شوێنی گژوگیای سروشتی بۆ مەرامی جوانکاری و چارەسەی نەخۆشیەکانی پێست و مێخەک دراوەتە خەڵک و کاریگەری مەترسیداری ھەبووە".
 



PM:09:34:10/05/2019