وادەی ناردنی پارەی جوتیارانی هەرێم ئاشکرادەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم رایگەیاند، دوای ڕادەستكردنی گەنمی جوتیاران، بەغدا پارەی گەنمی جوتیاران خەرجدەکات. 

نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ڕاگەیاند، ئەمساڵ جوتیارانی هەرێم زوتر لە ساڵانی رابردوو پارەی بەرهەمەکانیان وەردەگرن، بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، یەك هەفتە دوای ڕادەستكردنی گەنمی جوتیارانی ساڵی 2019، حكومەتی عیراق پارەی گەنمی جوتیاران خەرجدەكات.

سەبارەت بەجیاوازی پارەی دیاریكراوی گەنمی ئەمساڵ بەبەراورد بەساڵانی دیكە، نەوزاد ئەدهەم ئاشكرایكرد، "ساڵانە پارەی گەنمی جوتیاران بەگوێرەی یاسای بودجە دیاریدەكرێت، ئەمساڵ پارەی گەنمی جوتیاران (192 ملیار) دینارە لەبەرامبەر وەرگرتنی (340 هەزار) تۆن گەنم".

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم  بۆ تۆڕی هەواڵی سلێمانی راشیگەیاند، ئەگەربێت و بڕی گەنمەكە زیاتر بكرێت، پێویستە بەدەر لەیاسای بودجە ڕەزامەندی لەسەر زیادكردنی پارەكە بدرێت.



PM:11:04:12/05/2019