حكومەتی هەرێم قەرەبووی خاوەنی یەكە نیشتەجێبووەكانی گوندی كۆری دەكاتەوە

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیارێكی لەبارەی دانیشتوانی یەكەی نیشتەجێبوونی گوندی كۆری دەركرد و قەرەبوویان دەكاتەوە.

بەپێی نووسراوێكی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان كە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی لەسەرە، بڕیارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەی یەكەی نیشتەجێبوونی گوندی كۆری دراوە.

بەگوێرەی نووسراوەكە، ئەو هاونیشتمانیانەی ناویان بۆ پرۆژەكە تۆماركراوە پارچە زەوییەكیان پێدەدرێت، هەروەها بڕی 7 هەزار دۆلار بۆ ئەو هاونیشتمانییانە دەگەڕێندرێتەوە كە وەك قیستی یەكەمی پرۆژەكە داویانە.

لە بڕیارەكەدا كۆمپانیاكە پابەندكراوە بە گێڕانەوەی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ ئەو بەشداربووانەی یەكەكانیان بۆ دروست نەكراوە، هەروەها  ئەو هاونیشتمانییانەی لە پرۆژەكە سوودمەندبوون دەبێت قیستی مانگانەكەی بگەڕێننەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی بانكی نیشتەجێبوونی پارێزگای هەولێر.

گوندی كۆری لە ساڵی 2014 بەپێی رێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیایەكی كۆریای باشوور لە ھەولێر لە سەر رووبەری هەزار و 592 دۆنم زەوی، وەك هاوكارییەك بۆ كرێنشینان بڕیاری دروستكردنی درا، كە بریتیبوون لە 6 هەزار و 512 یەكەی نیشتەجێبوون، بەشێك لەو خانووانە دابەشكران، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبڕیارێك دابەشكردنی خانووەكانی دیكەی راگرت.



PM:01:12:13/05/2019