کتێبە نوێیەکەی بەختیار عەلی بڵاوکرایەوە

ڕۆماننوس و شاعیری گەورەی کورد (بەختیار عەلی) کتێبە نوێیەکەی بەناونیشانی "خۆڕهەڵات و لەبیرکراوەکانی" بڵاوکردەوە.

بەختیار عەلی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک بەرگی کتێبەی بڵآوکردۆتەوە لەسەری نوسیوە" «خۆرھەڵات و لەبیركراوەكانی» لە چەندان وتاری فیكری و ئەدەبی و گفتوگۆیەكی درێژی بەختیار عەلی لەبارەی ڕۆمانی «دەریاس و لاشەكان» پێكھاتووە و لە چاپكراوەكانی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەھەندە و لەزۆربەی كتێبخانە و كتێبفرۆشییەكانی كوردستان دەستدەكەوێت.

كتێبەكە ئەم بابەتانەی لەخۆگرتووە:

*خۆرھەڵات و لەبیركراوەكانی/ ئیدیتۆر
*ڕاگوزەرێك بە كۆمەڵگای لاشەكاندا/ یاسین ئافتاو
*گفتوگۆ لەگەڵ بەختیار عەلی/ سازدانی: زانیار محەمەد
*ڕەنگە تاكە حیكایەتخوانێك بتوانێت چیرۆكی ئێرە بنووسێتەوە خودا خۆی بێت/ ئارام كاكەی فەلاح
*دەریاس و لاشەكان: تێڕامان لە شۆڕش و وەھم لە خۆرھەڵاتدا/ وریا ئەحمەد
*ڕۆمانێك دژ بە بونیادی خۆرھەڵاتی/ پشتیوان عەلی
*گومانەكانی دەریاس/ ئارام سدیق
*كاتێك وەھم دەكەوێتە مەترسییەوە چی ڕوودەدات؟/ زانیار محەمەد

لەم كتێبەدا بەختیار عەلی دەڵێت" هەوڵی من وەک نوسەر هەمیشە ئەوە بووە؛ مرۆڤ خۆی وەک ڕزگارکەر تەماشابکات. گرنگ نییە سەرناکەوێت، بەڵام دەبێت دەستبەرداری ئەو ستراتیژە نەبێت. لە ئێوارەی پەروانەوە تا سەر هەورەکانی دانیال، بەردەوام لەسەر ئەو گووتارە ئیشمکردوە بە خوێنەر بڵێم «تۆ خۆت ڕزگارکەریت... گەر خەڵکانی پەراوێزخراو و چەوساوە و لێدراو خۆیان خۆیان ڕزگارنەکەن، هیچ هێزێکی تر نییە ڕزگاریانبکات".

دەشڵێت، لە دەریاس و لاشەکانیشدا هەمان ڕاستی دەخەمەوە بەردەمی خوێنەر «تۆ یان خۆت خۆت ڕزگاردەکەیت... یان هەموو ڕزگارکەرەکانی تر وەهم و ناڕاستەقینەن». لێرەدا جێگایەکی گونجاوە، وەڵامی هەندێک لەو ڕەخنانە بدەمەوە کە ئەدەبیات و نوسینی من وەک بانگخوازی نائومێدی و پەخشکەری ڕەشبینی سەیردەکەن، لەڕاستیدا ئەم ڕەخنەیە، لە عەقڵی ئەو کەسانەوە هاتۆتە دەرێ، کە دەستەمۆی ئەو سیستمە عەقڵی و سیاسییەن کە گووتارەکانیان خزاوەتە هەموو کونج و گۆشەیەکی دونیای ئێمەوە.

لە درێژەی نوسینەکەشیدا باس لەوە دەکات، ئەوانە بۆیە ڕۆمانەکانی من بە نائومێدکەر دەزانن، چونکە لە ئەدەبی مندا ڕەچەتەیەکی سیاسی ئامادە نییە بیفرۆشم، حەبێکی ئایدۆلۆژیی ڕوون نییە بیدەم بە خوێنەر ئازارەکانی سووکبکات، ئەدەبی من لەسەر تەقاندنەوەی هێزی ناوەکی ئینسان بونیادنراوە، پاڵەوانەکانی من زۆریان بوونەوەری بەهێزن، پڕن لە هێزی بەرگری، لە هێزی ڕزگارکردن، خوێنەرێکی سادەش دەتوانێت هەست بەو ئازایەتی و ڕۆحی بەرگرییە بکات کە لە «خەندان»، «پەروانە»، «جەلادەت»، «موسای بابەک» و «دالیا»، «هۆشەنگی بولبولیار» و «ڕێنواری زەریاواری»... هتددا هەیە. بەڵام چونکە ئەم ڕۆحی بەرگرییە، ناچێتە ناو حیزبێکی سیاسی، ناچێتە ناو پڕۆژەیەکی سیاسییەوە، ناتوانن وەک هێزێکی هیوابەخش سەیریبکەن، ئەگەرچی گەر ڕوون و ڕاست بڕوانیت، ئەوە تەنیا هێزێکی هێوابەخشە کە بوونی هەبێت.

لە کۆتایشدا دەڵێت"بە کورتی ئەوەی لە پشت ئەم ڕەخنەیەوە دەوەستێت، هەمان ئەو عەقڵییەتەیە کە تەنیا بۆ ڕزگارکەر دەگەڕێت، بێئەوەی بایەخ بە ئیرادەی ئینسان بدات بۆ ڕزگاریی. هیوا لەم کۆمەڵگایەدا لە دۆزینەوەی ڕزگارکەردا دەبینرێت، نەوەک لە دۆزینەوەی هێزی ناوەکيی ئینساندا، ئەمەش دۆخێکی ترسناکە، ئەمەش نوقمبوونی قووڵی کۆمەڵگایە لە میتافیزیکد".




PM:12:21:16/05/2019