موشەکێک ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرا

مووشەکێکی جۆری کاتیۆشا لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا و  لە ناوچەی سەوزی بەغدا کەوتەخوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.

پۆلیسی عێراق رایگەیاند، کە ئەمشەو یەکشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠١٩ موشەکێک لە جۆری کاتیۆشا  لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا و  لە ناوچەی سەوزی بەغدا کەوتەخوارەوە و هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە، لەکاتی کەوتنی موشەکەکەشدا  زەنگی هۆشیارکردنەوە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا بیستراوە.

لە ئێستاشدا لە شەقامەکانی ئەو ناوچەیە هێزی زۆری پۆلیس بڵاوەی پێکراوە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو ئەمریکا لە راگەییێدراوێکدا داوای لە بەشێکی ستافی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکەی لە بەغدا و هەولێر کرد دەستبەجێ عێراق بەجێبهێڵن، داواشی لە ئەمریکییەکان کرد سەردانی عێراق نەکەن.

جێی ئاماژەیە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوەتە لوتکەو هەردوولاش ئارەزووی جەنگ و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ یەکدی ناکەن، بەڵام واشنتن سوورە لەسەر ئەوەی تاران بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
 


PM:11:16:19/05/2019