وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەسەر دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەسەر دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا بە "تۆمەتبار و هەڵهاتوو و داواكراو" ناوزەندی دەكات.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە "لەسەر ئەو هەواڵ و لێدوانانەی كە لە دەزگا میدیایی و تۆڕە كۆمەڵایەكان تایبەت بە پرسی تۆمەتباری ڕاكردوو كە داواكراوە لەلایەن دادگاوە،نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك و ئاكامەكانی دەستگیركردنی و ئازادكردنی بە كەفالەت لە لوبنان، وەزارەتی ناوخۆ هەندێ ڕاستی دەخاتەڕوو".

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لەڕێگای پۆلیسی نێودەوڵەتیەوە هەموو ئەو ڕێوشوێنە یاساییانەیان گرتۆتەبەر كە تۆمەتباران ڕادەستی دادگاكانی عێراق دەكاتەوە و دەڵێت "ووردەكاری دەستگیركردنی تۆمەتباری هەڵهاتوو لە فڕۆكەخانەی بەیروت پەیوەندی بە ئەنجامی ووردی كارەكانی وەزارەتمانەوەیە كە لە ڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپولی عێراقیەوە پەیوەندی بە ئینتەرپولی لوبنانیەوە كراوە بەپێی ژمارە دروستكەری 8259 كە لە 21ی ئایار دەرچووە، هەروەها بەڕێگای ئەو پەیوەندیە تەلەفونیە بەردەوامانەی كە بە ئەنتەرپولی لوبنانەوە كراوە تیایدا ئاماژەمان بۆ ئەوەكردووە كە ئەم تۆمەتبارە داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە بە تۆمەتی (ئیختیلاس)".

ئاگاداریشمان كردوونەتەوە كە وەفدێك دەنێرین بۆ وەرگرتنەوەی بەو پێیەی فەرمانی دادگا بۆ دەستگیركردنی هەیە كە لە 31ی تشرینی یەكەمی 2018 دەرچووە هەروەها فەرمانێكی دیكەی دەستگیركردن كە لە 12ی نیسانی 2018 دەرچووە.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت لەلایەن ئەنتەرپوڵی لوبنانیەوە ئاگادار كراینەوە كە بەپێی یاساكانی ئەو وڵاتە نەجمەدین كەریم بە كەفالەت ئازاد كراوە و دەست بەسەر پاسپۆرتەكەیدا گیراوە و نابێت گەشت بكات تا دەگەڕێنرێتەوە بۆ عێراق و دادگای دەكرێت، ئەمەش بەپێی ڕێككەوتنێك كە لەنێوان هەردوولادا ئیمزا كراوە لەساڵی 1929 كە تایبەتە بە ڕادەستكردنەوەی تۆمەتباران.

وەزارەت جەخت لەوە دەكاتەوە كە "بەردەوامن لەگەڵ ئینتەرپولی لوبنانی و دەزگا دادوەریەكانی ئەو وڵاتە تا ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتیەكان جێبەجێ بكرێت و تۆمەتباری هەڵهاتوو نەجمەدین كەریم، ڕادەستی عێراق بكرێتەوە".

وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری هەموو لایەك دەكاتەوە لەو هەوڵ و پەیوەندیانەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان دەیكات لەم پرسەدا و جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە دەبێت یاسا جێبەجێ بكرێت و هەموو تۆمەتبارە هەڵهاتووەكان ڕادەستی یاسا بكرێنەوە.



PM:02:33:26/05/2019