كاندیدێكی سەرۆكی هەرێم: سەربەخۆم و سەر بە هیچ لایەنێكی سیاسی نیم

كاندیدێكی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایدەگەیەنێت "كاندیدێكی سەر بەخۆم و سەر بە هیچ لایەنێكی سیاسی نیم".

محەمەد حەمە ساڵح، كاندیدی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ ٢٧/٥ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، "هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسم و لە رابردودا پۆلیس بوم و سەركەوتوانە ئەركەكانم جێبەجێكردوە و خزمەتم كردوە، هۆكاری خۆكاندیدكردنیشم بۆ ئەوەیە لە دەرفەتێكی فراوانتردا خزمەت بكەم".

كاندیدەكەی سەرۆكی هەرێم ئەوەی خستەڕوو "كاندیدێكی سەر بەخۆم و سەر بە هیچ لایەنێكی سیاسی نیم، بەهەمو توانایەك پشتیوانی سەركەوتنی كابینەی داهاتوی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و پارتە سیاسیەكان بەكاربێنم و سەركەوتنی من سەركەوتنی هەموانە".

محەمەد حمەساڵح ئەوەی خستەڕوو "كارنامەیەكم ئامادەكردوە كە هەڵقوڵاوی نزا و هاواری خەڵكی كوردستانە بۆ خزمەت و دادپەروەری و سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی و ئابووری، ئێستاش دەبێ ئامادەبین بۆ گۆڕانكاریەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی كەسانی شارەزا، چونكە ئەگەر لە داهاتو نەتوانین خۆمان ئامادە بكەین بۆ گۆڕانكاریەكان ئەوا دەكەوین".

هەروەها وتیشی "لە رابردوش حكومەتی هەرێم كەوت، من هاتوم راستی بكەمەوە بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی رابردو رێگە چارەم بۆ راستكردنەوەی هەڵە و كەمو كوڕیەكان ئامادەكردووە".

ئاماژەی بەوەشكرد "من هاتوم بۆ خزمەت و بەرژەوەندی گشتی، بۆیە جگە لە موچەی فەرمانبەریم كە ئێستا وەریدەگرم هەمو ئیمتیازاتێكی سەرۆكایەتی هەرێم رەتدەكەمەوه".

ئەمە لەكاتێكدایە لەماوەی ڕابردودا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كرایەوە و پێنج كەس كاندیدن بۆ ئەو پۆستە، كە پێكهاتون لە (نێچیرڤان بارزانی، ئومێد عەبدولسەلام قادر، محەممەد حەمەساڵح قادر، رێبوار عەزیز مستەفا، هیوا عەبدوڵڵا خدر).



PM:02:28:27/05/2019