راوێژکارێکی سەرۆکی عێراق بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ دوو ئیدارەیی دەکات


راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق، سالار مەحمود جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە كە پارتی پابەند بێت بە رێككەوتنی تایبەت بە پرسی كەركوك و بە پێچەوانەشەوە، بڕیارەكانی سەرۆكی داهاتووی هەرێم بۆ كەمتر لە دوو پارێزگای هەرێمی كوردستان دەبێت.

سالار مەحمود راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق دەبارەی پابەندنەبوونی پارتی بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتیی و پرسی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم رایگەیاند "لە دوای ئەو دۆخەی كە بەلەبەرچاو نەگرتنی داخوازی یەكێتی لە پرسی دانانی پارێزگاری كەركوكدا لەلایەن پارتیەوە رەچاو نەكراو یەكێتیی لە پەرلەمان دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی نەدا ئاماژەیەكی روونە كە هەردوو لا كارتی یەكتر سەغەڵەتكردنیان هەیە، كەواتە بەردەوام بوونی ناكۆكیەكان زیانی گشتی هەیە."

سالار مەحمود پێیوایە كە لەگەڵ ئەوەشدا كۆبونەوەی لوتكەی باڵای لایەنەكان بكرێ بۆ دروستكردنی یەك گوتاری لە ئاستی عیراقدا. سەرۆك كۆماریش لەم چوارچێوەیەدا هاوكارو یارمەتیدەری پێكهاتن و یەكڕیزی هەموو لایەنەكانە.

راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق راشیگەیاند "چارەسەر ئەوەیە لە هەفتەی داهاتوەوە خواستی یەكێتی لە پرسی پارێزگاری كەركوكدا بە ئیلتزامكردنی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك جێبەجێ بكرێ و یەكێتیش ئامادەكاری بكات بۆ بەشداری لەكابینەی نۆیەم و وەرگرتنی سەرۆكایەتی پەرلەمان".

هاوكات هۆشداریش دەدات كە ئەگەر وا نەكرێت ئەوا "بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم لەواقیعدا بۆ كەمتر لە دوو پارێزگا دەبێ لە پێنج پارێزگای كوردستاندا".

ئەو پێیوایە، یەك گوتاری و یەك دەستی بۆ پرسی هەرێم و كەركوك و بەغدا پێكەوە پێویستەو، دەڵێت" ناكرێ بە دوفاقی و بەدگومانیەوە درێژە بەم دۆخە بدرێت".



PM:09:08:28/05/2019