وادەی سەردانیکردنی ڕاگیراون لە جەژندا ئاشکراکرا

بەڕێوەبەری پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر ئاشکرایکرد، لە رۆژی دوەم و سێیەمی جەژندا، كەسوكاری ڕاگیراوان دەتوانن سەردانی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە بكەن و هەمو ئامادەكارییەكیش بۆ ئەم مەبەستە كراوە.

مقەدەم، خەسرۆ غازی خۆشناو، بەڕێوەبەری پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "رۆژی یەكەمی جەژنی ڕەمەزان سەردانیكردنی ڕاگیراوان رێگاپێدراو نییە، بەڵام رۆژی دوەم و سێیەم كەسوكاری ڕاگیراوان دەتوانن سەردانیان بكەن".

ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی دوەمی جەژن تایبەتە بە ئافرەتان و هەروەها رۆژی سێیەمیش پیاوان دەتوانن سەردانی راگیراوان بكەن و ئامادەكارییشیان بۆ پێشوازیكردن لە سەردانیكاران كردوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر جەختیشیکردەوە، سبەی دوشەممە سەردانیكردن رێگای پێ نادرێت و دوای جەژنیش سیستمەكە وەك پێشوی لێدێتەوە.


PM:08:12:02/06/2019