نەجمەدین کەریم گەڕایەوە ھەولێر

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک، گەڕایەوە هەولێر و لە ئیستاشدا دەستی کردوەتەوە بە ژیانی ئاسایی خۆی.

میدیاکانی نزیک لە پارتی بڵاویانکردەوە شەوی رابردوو 15ی حوزەیران2019، د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێرەوە، گەیشتەوە ھەرێمی کوردستان.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا  ئاماژەی بەوەکرد، نەجمەدین کەریم فەرمانی دەستگیرکردنی دادگای هەیە لە ئاستی ئینتەرپووڵ لە 31-10-2018 و هەروەها فەرمانێکی دیکەی دەستگیرکردنی دادگای عێراقی هەیە لە 12-4-2018.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق  ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئینتەرپووڵی لوبنانی ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئەوان بە کەفالەت ئازادیان کردووە بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی لوبنان، بەڵام پاسپۆرتەکەی لێوەرگیراوە و رێگەی گەشتکردنی پێنادرێت.

دواتر نووسینگەی رۆژنامەڤانی د.نەجمەدین کەریم هەواڵی دەستگیرکردنی رەتکردەوە و بە هەوڵێکی ناوبرد بۆ "چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی هاولاتیان بۆ دوورخستنەوەی رایگشتی لەو کێشە و گرفتانەی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکوک هەن و رایگەیاندبوو "بە هەموو هاوڵاتیان لە کوردستان و بەتایبەت شاری کەرکووک رادەگەیەنین؛ کە سەرلەبەری ئەو هەواڵە دوورە لە راستیەوە و بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم، بۆ کاری ئاسایی و دیپلۆماتی خۆی گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردووە و دەگەڕێتەوە کوردستان".

نەجمەدین کەریم لەدوای ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە لە پۆستی پارێزگاریی کەرکوک لابراو لە هەولێر نیشتەجێ بوو، ناوبەناو حکومەتی بەغداو دادگاکانی عێراق داوای دەستگیرکردن و دادگاییکردنیان دەکرد.



AM:10:47:16/06/2019