سبەینێ نێچیرڤان بارزانی‌و قوباد تالەبانی سەردانی بەغدا دەکەن

بڕیارە سبەینی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەیاوەری وەفدێک کە پێکهاتووە لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەفدێکی هونەری بە مەبەستی دەستکردن بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی عێراق، دەگەنە بەغدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" ئەگەر هیچ پێشهاتێکی سیاسی یان هونەری نەیەتە پێش،سبەینێ وەفدێکی هەرێم بەمەبەستی گفتوگۆکردن سەردانی بەغدا دەکەن، سەرەتاش سەردانی بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق دەکەن، دواتریش لەگەڵ د. عادل عەبدولەمەهدی سەرۆک وەزیران کۆدەبنەوە".

وەفدەکە کە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هەڵپسێردراوەکانی نێوان هەردوولا دەگەنە بەغدا، لە پێش هەمووشیانەوە پرسی نەوت، ئەگەری ئەوەش هەیە د. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکانیش بەشداری وەفدەکە بکات، بەڵام تا ئێستا بەشداریکردنی ئەو یەکلایی نەبۆتەوە.

سەردانی ئەو وەفدە لە کاتێکدایە کە پەیوەندی بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم تا رادەیەکی بەرچاو ئاسایی بۆتەوەو، پێدەچێت بەرهەم ساڵح دەورێکی پۆزەتیڤ لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدادا ببینێت.
 
بەپێی یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ ، هەرێمی کوردستان رۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل لەرێگای کۆمپانیای سۆمۆوە کە تاکە کۆمپانیای بازاڕیکردنی نەوتی عێراق، بفرۆشێت، بەرامبەر ئەوەش عێراق تەواوی بودجەی بڕیاردراو بۆ هەرێم، بنێرێت، بەلآم تا ئێستا هەرێم پابەند نەبووە بە ناردنی ئەو بڕە نەوتەوە، بەلآم حكومەتی بەغدا ٤٥٤ ملیار دیناری مانگانە ناردووە.

PM:11:38:19/06/2019