" هەرێم ئامادەیە لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق چاودێری نەوتی هەرێم بکات"


لە بەیاننامەکدا کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی دەریکرد، رایگەیاندووە" هەرێم ئامادەیە پێشوازی لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق بکات چاودێری میکانیزمی فرۆشتنی نەوت و داهاتەکانی بکات".

نووسینگەی رۆژنامەوانی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە" سەرۆکی پەرلەمان پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەفدەکەی کرد، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر ئەرکە داراییەکانی سەر هەرێم کرا، بەتایبەتی ئەوانەی پابەندن بە فرۆشتنی نەوت وەک لە یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩".
هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە" باس لە گرنگی و پێویستی پەیوەندی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بەگیانی برایەتی و هاوبەشی نیشتمانی کراوە".
ئەمڕۆ وەفدێکی حکومەتی هەرێم بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغداو لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆکی عێراق و سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە.

ئەم هەنگاوە وەک دەستپێکێکە بۆ دەستکردن بەگفتوگۆی هەمەلایەتی نێوان بەغداو هەولێر لەسەر پرسی نەوت و بوودجەو پێشمەرگە و مادەی ١٤٠ .




PM:08:36:20/06/2019