قائیمقامیەتی‌ سلێمانی‌ بڵندگۆی قەدەغەكرد

قائیمقامیەتی‌ سلێمانی‌ بەكارهێنانی بڵندگۆی لە دوكانداران و فرۆشیارانی میوە و خۆراك قەدەغە كرد و  زانیاری‌ لەوبارەیەوە ئاشكرادەكات.

قائیمقامیەتی‌ سلێمانی‌ ڕاگەیەنراوێكی‌ بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتوە "بەكارهێنانی ئامێری تایبەت بەبەرزكردنەوەی دەنگ (بڵندگۆ) لەلایەن بەشێك لەدوكاندارو ئۆتۆمبێل فرۆشیارانی میوەو خۆراك لەبازاڕو گەڕەكەكاندا بوە بەدیاردە، ‌ئەمەش بێزاری هاوڵاتیانی لێكەوتۆتەوە، قائیمقامی سلێمانیش بڕیاری قەدەغەكردنی بەكارهێنانی بڵندگۆكانی داوە".

ئەوەش ڕونكراوەتەوە، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكان و پۆلیسی ڕێكاری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەوە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاماژە بەنوسراوێكی‌ پۆلیسی سلێمانی بەشی ڕێكاریی كراوە كە ئاراستەی قائیمقامیەتی سلێمانی كراوە، تێیدا داواكراوە، "لەناو بازاڕی شاری سلێمانیدا دەست بەسەر (119) بڵندگۆدا گیراوە كە بونەتە هۆی نانەوەی كێشەو ئاژاوەو دروستكردنی ژاوەژاو لەبازاڕەكانی سلێمانی".

لەنوسراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، "بفەرمون بەوەرگرتنی ئەو بڵندگۆیانەی (مكەبەرە) دەستی بەسەرداگیراوە بۆ لەناوبردنی لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە".

لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاندوە، "ڕێگەنادرێت بەهیچ جۆرێك ئەو ئامێرانە لەبازاڕو گەڕەكەكەندا بەكاربهێنرێت و لیژنە ‌هاوبەشەكانیشی ڕاسپاردوە دەستبەسەر هەموو ئەو بڵندگۆیانەدا بگیرێت و سەرپێچیكارانیش ڕوبەڕوی ڕێكاری یاسایی بكرێنەوە".

قائیمقامیەتی‌ سلێمانی‌ ئاماژەی‌ بەوەداوە، پێشتر ژمارەیەك هاوڵاتی شاری سلێمانی گلەیی و گازندەی خۆیان گەیاندۆتە قائیمقامیەتی سلێمانی و گلەیی خۆیان لەو دیاردەیە دەربڕیوەو داوای قەدەغەكردنیان كرد، لەو ڕوەشەوە قائیمقامی سلێمانی بڕیاری قەدەغەكردنی تەواوەتی ئەو ئامێرانەی داوە.



PM:02:48:23/06/2019