قائیمقامی قەلادزە: لەنێو شەهیدەکانی بۆردومانی تورکیا دوو تەرم سووتاون

ئەمشەو ٢٧ ی حوزەیران فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆردومانی بناری قەندیل کردو لە ئەنجامدا خێزانێک بوونە قوربانی، قائیمقامی قەلآدەزەش رایگەیاند" لەنێو شەهید و بریندارەکاندا مناڵ و ژن هەیە".

بەکر بایز، قائیمقامی شاری قەلآدزە کە لەشوێنی رووداوەکەوە نزیکە و بەدەم قوربانییەکانەوە چووە بە سپی راگەیاند" بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ئۆتۆمبیلێکی مەدەنی کە خێزانێکی هەڵگرتووە لە ناوچەی کورتەک کردۆتە ئامانج و بەهۆی ئەو بۆردومانەوە تا ئێستا دوو کەس بوونەتە قوربانی کە تەرمەکانیان سووتاوە و جگە لەوەی چارەنووسی دوو سەرنشینی تر نادیارەو پێنج هاولآتیش برینداربوون".

قائیمقامی قەلآدزە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات تێکڕای قوربانییەکان لەیەک خێزانن.( کورتەکە سەر بە ناحیەی سەنگەسەرە کە ئەو ناحیەیەش سەر بە قەلآدزەیە).

ئەوە لە کاتێکدایە کە جگە لەو بۆردومانەی لەسەر ناوچەکانی قەندیلە، هاوکات ناوچەکانی خواکورک و برادۆستیش لە ژێر هێرشی فڕۆکەکانی تورکیادان.

دوێنش لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە ناوچەی برادۆست هاولآتییەک شەهید و برایەکی بریندار بوو.

 



PM:10:08:27/06/2019